لەبەردەم شەڕی ناوخۆداین.. حەماس فرۆکەخانەی ئیلاتی بۆردومانکرد

‌پێکدادانەکانی بزوتنەوەی حەماس و هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل

وێستگە نیوز-

لە کاتێکدا کە ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر سەرباز و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە سنووری غەزە جێگیر کردووە، بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، "بە چەندین مووشەکی جۆری نوێی بەناوی عەیاش 250 کە توانای بڕینی 250 کیلۆمەتری هەیە، فڕۆکەخانەی شاری ئیلاتی لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج".

 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل لەمبارەوە هیچیان رانەگەیاندووە. "ئەگەر ئەو هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە ئەمە یەکەمجارە حەماس مووشەکێکی وا دوورمەودای لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردبێت".
 
سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە تویتێکدا رایگەیاند، "هێزی ئاسمانی و زەمینی چوونەتە غەززە، بەڵام چەند کاتژمێر دواتر چوونی هێزەی زەمینی بۆ غەززەی رەتکردەوە". سوپای ئیسرائیل 7 هەزار هێزی سەربازی خۆی بانگهێشت کردووەتەوە.
 
بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن، "قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 103 کەس کە 27یان منداڵن". بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن، "لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەهۆی ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ئیسرائیل کراون 7 کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵە".
 
تادەڕوات شەڕ و ئاڵۆزیش لەنێوان موسڵمانان و جووەکانی دانیشتووی ئورشەلیم- قودسیش زیاتر دەبێت و سەرۆککۆماری ئیسرائیل، لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ هۆشداریداوە. بەرپرسانی سیاسی ئیسرائیلیش لە خراپتربوونی دۆخەکە هۆشدارییان داوە.
 
بەوتەی بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هێزە ئەمنییەکان بەهێزتر کراون و 400 کەسیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەستبەسەرکراون.
 
ماوەی چەند رۆژێکە گرژییەكان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودس- ئورشەلیم گەیشتوونەتە لووتكە. بزووتنەوەی حەماس نزیکەی دووهەزار مووشەکی لە غەززەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کردووە و ئیسرائیلیش بە تووندی بەرپەرچی داونەتەوە و جگە لە وێرانکردنی چەندین باڵەخانە لە غەززە چەندین فەرماندە و بەرپرسی باڵای حەماسی کوشتوون.

 


AM:08:27:14/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت