ئیدارەی راپەڕین؛ لەپێنج مانگدا 6 هەزار گەنج بەمەبەستی کۆچکردن داوا ڤیزەیان کردوە

‌قەڵادزێ

وێستگەنیوز-

لەماوەی 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەسنوری ئیدارەی راپەڕین  6000 گەنج بەمەبەستی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، داوای ڤیزەی تورکیایان کردووە و بەرپرسانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپاش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن لەرێگەی بوژانەوەی ئابوری و پەرەپێدانی هەلی کار سنورێک بۆ دیاردەی کۆچی گەنجان دابنێت.

بەگوێرەی ئامارێک کە کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لەسنوری ئیدارەی راپەڕین بڵاویانکردوەتەوە،  لە5 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە  6000 گەنج بەمەبەستی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، داوای ڤیزەی تورکیایان کردووە، کۆمەڵەکە باوەڕی وایە هەرچەندە داواکردنی ئەو رێژە بەرزە بەمەبەستی گەشتیاری بووە بۆ تورکیا، بەڵام زۆرینەی رەهای ئەو کەسانە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا دەڕۆن و جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە.

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات سنورێک بۆ کۆچی گەنجان دابنێت، ئەویش لەرێگەی بوژانەوەی ئابوری سنورەکان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و هەلی کار بۆ گەنجان.

پێشوتریش  بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ رایگەیاندبوو،  بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیاندا شەپۆلێکی کۆچی گەنجان دەستی پێکردووە و وابڕوات لە چەند ساڵی ئایندەدا سنوورەکەیان دەبێتە مەملەکەتی پیر و بەساڵاچووان.


PM:11:35:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو