فەرمانی دەستگیركردن بۆ وەزیری دارایی قەتەر دەرچوو


وێستگە نیوز-

داواكاری گشتی قەتەر رایدەگەیەنێت، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی کارەکەی بۆ مەبەستی کەسی، داواکاری گشتیی قەتەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ وەزیری دارایی وڵاتەکەی دەرکردووە

 

نووسینگەی داواکاری گشتیی قەتەر راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "دوای سەیرکردنی پەڕاوەکان و راپۆرتەکان، داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەلی شەریف ئەلعەمادی، وەزیری دارایی دەرکرد".

 

نووسینگەی داواکاری گشتیی قەتەرئاماژەبەوەدەكات: "فەرمانەکە بەهۆی بابەتەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی ئەرکی گشتی، زیانگەیاندن بە سامانی گشتی، قۆستنەوەی کارەکەی، خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بووە".

 

داواکاری گشتی داوایکردووە لێکۆڵینەوەی فراوان لەو "تاوانانە" بکرێت. هەر دوای بڕیارەکەش، وەزیری دارایی قەتەر بە بڕیاری میری وڵات لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

 

عەلی شەریف ئەلعەمادی، بەکالۆریۆسی لە زانستی دارایی لە زانکۆی ئەریزۆنای ویلایەتە نەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێناوە، لە حوزەیرانی 2013 کرایە وەزیری دارایی قەتەر؛ لە ساڵی 2018یشەوە، جگە لەوەی وەزیری داراییە، سەرۆکی ئەنجوومەنی هێڵی ئاسمانی قەتەرییە، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2013 سەرۆکی جێبەجێکاری بانکی نیشتیمانیی قەتەر بووە و ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکەکەیە.

 

هەروەها ئەلعەمادی لە ساڵی 2020 لەلایەن گۆڤاری (The banker)ی تایبەت بە دارایی نێودەوڵەتی بە باشترین وەزیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریکرا.



PM:04:55:07/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو