مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایەك ئاراستەی سەرۆكی هەرێم دەكات


        وێستگە نیوز-.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.


راشیگەیاندووە، وێرای ئەوەی یەكێتی لەرێگای كەناڵە رەسمییەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیركراوانی بادینان، داواش لە سەرۆكی ھەرێم دەكات لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات و پەرلەمانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. 


دەقی راگەیەنراوەكە:


مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەوپەری نیگەرانیەوە دەڕوانێتە بڕیاری دادگای تەمیزی ھەرێم لەبارەی پەسەندكردنی سزای ناعادیلانەی سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسە دەستگیركراوانی بادینان. پێشهاتێكی لەمجۆرە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر سەروەری دادگاكان، بنەماكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین لەناو هەرێم، و وێنای ھەرێمی كوردستانیش لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەشێوێنێت.


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێرای ئەوەی لەرێگای كەناڵە رەسمییە جۆراوجۆرەكانەوە ھەوڵ و فشاری بەگەڕخستووە بۆ لابردنی سزای ناعادیلانەی سەر دەستگیراوەكانی بادینان، لەھەمان كاتدا داوا دەكات بەرێز سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەكاربێنێ و لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوەكان دەربكات، هاوكات پەرلەمانی كوردستانیش ھەڵوەستەی جددی بكات لەسەر كەیسەكە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان لە دەستێوەردانی ‌یەكتری بپارێزێت. هەروەها پێشوازی لە هەر پارت و لایەنێكی سیاسی دەكات كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی یەكێتی بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.


مەكتەبی سیاسی یەكێتی رونیشیدەكاتەوە، ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و گەلەكەمان، پێویستی بە پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتانی دۆست ھەبووە و ھەیە، تۆمەتباركردنیان بە ناڕەوا و نیگەرانكردنیان خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان ناكات، و بۆ ئەوەی لە تەنگەژەكاندا پشتیوانی ئەزموونەكەمان بن، پێویستە بە چاوی وەفاوە لێیان بڕوانرێت و رێزیان لێ بگیرێت.


PM:02:30:07/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو