لە سلێمانی قەدەغەی هاتووچۆی رۆژانی جەژن هەڵوەشێنرایەوە


وێستگە نیوز-
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەخەی هاتووچۆ نابێت و "پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و خۆیان لە سەردانیکردن و تێکەڵاوبوون بپارێزن و نەبنە هۆی دروستکردنی بەریەککەوتن و کۆبوونەوە و قەرەباڵخی".

بڕیارەکانی پارێزگای سلێمانی بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتانە دراون کە وەزارەتی ناوخۆ پێیداوە و تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەر شوێنێک پابەندی رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان نەبێت، دادەخرێت و بەپێی ئەو بڕیارانەی لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون، رێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەپێی ئەو رێکارانەی کە لە بەیانی ژمارە 15ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون.

یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە کە بەپێی تایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکانیان رێنمایی و رێکاری پێویست پەیڕەو بکەن، بەمەرجێک پێچەوانە نەبن بە ناوەرۆکی نووسراوی ژمارە 9310ی رۆژی 7ی ئایاری 2021ی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پێشتر بڕیاری هاوشێوەیان داوە و لە رۆژانی جەژندا هاتووچۆ بە پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان، ئاسایی دەبێت.


PM:02:22:07/05/2021




ئه‌م بابه‌ته 2768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت