هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەران لەئەوروپا بووەتە هۆی مردنی 2000 کەس


وێستگەنیوز-

بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا "چەند تاکتیکێکی نایاسایی و دڕندانەیان" بەکارهێناوە بۆ گەڕاندنەوەى نزیکەى 40 هەزار کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون، ئەوەش گەورەترین هەڵمەتی گەڕاندنەوە و کردنەدەرەوەی کۆچبەرانە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕوویدابێت و لەئەنجامدا دوو هەزار کۆچبەر مردوون.

بەدواداچوونەکەى ڕۆژنامەى گاردیان پشتی بە داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند ڕێکخراوێکی تری مرۆیی بەستووە و دەرکەوتووە، ڕێوشوێنەکانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەران، بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار کۆچبەر، ئاژانسی سنوریی یەکێتی ئەوروپا و پاسەوانی سنوریی وڵاتانی ئەوروپاش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەگلاون لەو کارانەدا.

فولۆڤیۆ ڤاسالۆ پالایۆلۆگۆس، پرۆفیسۆری پەنابەری لە زانکۆی پاڵمیرۆ کە هاوکات یەکێکە لە شارەزا دیارەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆچکردن لە ئیتاڵیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە، "داتا و زانیارییەکان ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی مردنی کۆچبەران دەکەن لەڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها زیادبوونی هەماهەنگی بێپێشینەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەى یەکێتییەکە بۆ ڕێگریکردن و ناردنەوەى کۆچبەران".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

دەشڵێت، "زۆربوونی حاڵەتەکانی مردن لە دەریا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپاوە هەیە بۆ داخستنی هەموو دەرگاکانی یەکێتییەکە و قەتیسکردنی شەپۆلەکانی کۆچکردن لە وڵاتانی تردا وەک تورکیا و لیبیا."

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری دژە-ساختەکاریی یەکێتی ئەوروپاش لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردووە لەبارەى هەموو ئەو بانگەشانەی کە تێیدا ئاژانسی سنوریی یەکێتی ئەوروپا تۆمەتبار دەکات بە سوکایەتی، خراپەکاری و کاری نایاسایی لەدژی کۆچبەران و هەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەران لە ئاوەکاندا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ساڵی 2020 نزیکەى 100 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا، لەکاتێکدا ژمارەکە 130 هەزار کەس بووە لە ساڵی 2019دا، هەروەها 190 هەزار کەس بووە لە ساڵی 2017دا.

بەدواداچوونەکەى گاردیان دەریدەخات کە لە ساڵی 2020دا، پۆلیسی کرواتیا کە درێژترین سنوری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەى یەکێتییەکە هەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و توندوتیژانە ڕێگری لەو کۆچبەرانە کردووە کە لە بۆسنەوە هاتوون. ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکی دەڵێت، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆناوە نزیکەى 18 هەزار کۆچبەر لەلایەن پۆلیس و هێزی سنوریی کرواتیاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ بۆسنە.

ساڵی ڕابردوو، گاردیان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند کۆچبەرێک دەڵێن لەلایەن پۆلیسی کراواتیاوە لێیان دراوە و سوکایەتییان پێکراوە، هەندێکیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی چاودێری توندوتیژی سنوریش، لە ساڵی 2020دا، یۆنان شەش هەزار و 230 کۆچبەری گەڕاندووەتەوە، 89%ی گەڕاندنەوەکان بە زۆر و بە بەکارهێنانی هێز بووە.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، "لە ساڵی 2020دا، چەندین نمونەى مامەڵەی زۆر دڕندانە و توندوتیژانەی پۆلیسی یۆنان دژی کۆچبەران تۆمار کراون، سوکایەتی بە کۆچبەری منداڵ و ژنیش کراوە."

ڕاپۆرتەکە نمونەی کۆچبەرێک دەگێڕێتەوە کە چۆن لە شیشی زیندانێکەوە بەستراونەتەوە و لێیان دەدرێت، بەڵام بە شێوەیەک کە زاماری و شینبوونەوە بە دەموچاویانەوە دیار نەبێت.

مانگی نیسانی ڕابردوو، دادگای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا سکاڵایەتی دژی حکومەتی یۆنان تۆمار کرد بەهۆی بەجێهێشتنی کۆچبەران لە دەریا و هەروەها لێدان و سوکایەتیکردن پێیان، لە سکاڵاکەدا باس لەوە دەکات کە کەشتییە سەربازییەکانی یۆنان کۆچبەران بەبێ خواردن و پشتێنی سەلامەتی یاخود هیچ هۆکارێکی داواکاری هاوکاری بەجێدەهێڵن.


PM:10:03:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت