محەمەد حاجی مەحمود: ڕەشنوسی دەستوور ئامادەیە و لیژنەیەکی بۆ پێکدەهێنرێت

‌لێدوانی محەمەد حاجی مەحمود بۆ رۆژنامەوانان

وێستگە نیوز-

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەتەوە".


سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و هەردوو جێگرەکەی، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سکرتێری ئەو حزبە محەمەد حاجی مەحمود کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە محەمەد حاجی مەحمود لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و تێیدا ئەجێندای کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردو وتی، "ئەمڕۆ کۆبووینەوە بۆ ئەوەی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن میکانیزمێک دابنێنن پێکەوە تاوەکو ماڵی کوردی رێکبخنەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری گیروگرفتەکانی ناوخۆ و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بووە.

سەبارەت بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان کە ئایا تاچەند لایەنەکان کۆکن لەسەری، محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "پرسی دەستوور تاوتوێ دەکرێت، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بەبەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، رەشنووسی دەستوور ئامادەیە رەنگە هەندێک برگە و ماددەی ماوە تاوەکو قسەی زیاتری لەسەر بکرێت".

وەک ئاماژەیەکیش بە خواستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بۆ گۆڕینی سیستەمی عێراق لە فیدڕاڵییەوە بۆ شێوازێکی دیکەی بەرێوەبردن و پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، "هەڵبژاردن چارەسەری دۆخی عێراق ناکات، بەرنامە و سیستەمی بەڕێوەبەردن دەتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات".


PM:07:25:04/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت