توێژەرێکی ئیسرائیلی: ترەمپ دوودڵە لە چوونە ناو جەنگێکی هەمەلایەنە و دەیەوێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانی بپێکێت
وێستگەنیوز-
ئیلی کلوتشتاین، توێژەر لە پەیمانگای مسگاف بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لە شیکارییەکدا بۆ رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاماژە بە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن دەدات، ئەو بڕوای وایە ئێران کە گوایە توانیویەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رابکێشێتە ناو داوی دانوستانە درێژخایەنەکانەوە، تەنیا وەهمێکە، چونکە واقیعی سەر زەوی خزمەت بە ستراتیژی ئەمریکا دەکات نەک بەپێچەوانەوە.
کلوتشتاین ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سەبرێکی سەرسوڕهێنەری نیشانداوە و بەردەوام بووە لە گفتوگۆ سەختەکان و پێداچوونەوەی رەشنووسی رێککەوتنەکان بەبێ پاشەکشە، هەرچەندە تاران پێیوایە کاتی بۆ خۆی کڕیوە، بەڵام ئەمە بە هەوڵێکی بێئومێدانەی ئێران دەبینرێت بۆ باشترکردنی مەرجەکانی دانوستان لە بارودۆخێکی سەختدا.
بەپێی شیکارییەکە، هیچ فشارێکی راستەقینە لەسەر ئیدارەی ئەمریکا نییە، چونکە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستێکی زۆر کەم و دروستبوونی تەنگژەی دارایی و زیانی گەورە بە کەرتە حەیاتییەکانی وەک پترۆکیمیایی و کانزاکان، هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، ئێران توانای چاککردنەوەی زیانەکان و دابینکردنی دارایی بۆ بریکارەکانی و بونیادنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەدەست دەدات.
لە شیکارییەکەدا دوو هۆکاری سەرەکی دیاریکراون کە ئاراستەی مامەڵەی ترەمپ دەکەن: "یەکەم: ترەمپ دوودڵە لە چوونە ناو جەنگێکی هەمەلایەنە و دەیەوێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانی بپێکێت، هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی تا ئێستا ئەمریکا بەشداری هێرشەکانی ئیسرائیلی نەکردووە. دووەم: ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی مەترسی ئەتۆمی ئێران بە یەکجاری بنبڕ بکات و هەر رێککەوتنێک کە ئەم مەترسییە لانەبات، رەتیدەکاتەوە".
لە لایەکی دیکەوە باس لەوە کراوە کە ترەمپ لە خولی دووەمیدا بایەخێکی زۆر بە وێنەی مێژوویی خۆی دەدات و نایەوێت هەڵەی سەرۆکەکانی پێش خۆی دووبارە بکاتەوە، هەروەها نایەوێت وەک باراک ئۆباما دەربکەوێت کە لە رێگەی پارەوە دارایی تیرۆری دابین کردووە، یان وەک جۆو بایدن بە خاوی و سستی تۆمەتبار بکرێت، هەروەها دەیەوێت خۆی لەو مەترسییانە بپارێزێت کە جیمی کارتەر تێیکەوت لە قەیرانی بارمتەکاندا، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لەو جەنگە وشکانییانەی کە لە سەردەمی لیندۆن جۆنسۆن و ریچارد نیکسۆن لە ڤێتنام روویاندا.
لە کۆتایی شیکارییەکەدا هاتووە، کە ترەمپ بە وردی لێکەوتەی هەنگاوەکانی هەڵدەسەنگێنێت، ئەم سەبرەشی بەشێکە لە ستراتیژێکی ئەژمارکراو و لە کۆتاییدا تاران باجی تێپەڕبوونی کات دەدات نەک واشنتن.
AM:08:27:09/06/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت