ئەکسیۆس خاڵەکانی رێکەوتنی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز-

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی 60رۆژە نزیک بوونەتەوە و لەسەر چەند خاڵ رێکەوتوون.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 لە ڕاپۆرتێکدا هێمای لە زاری سەرچاوەکانییەوە کە ناوی نەهێناون رایگەیاند، حکومەتی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی60ڕۆژە نزیک بوونەتەوە.

بە کورتی، ئەم یاداشتنامەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ڕێککەوتنی کۆتایی نییە.

بەپێی ئەم یاداشتنامەیە کە دەکرێت بە ڕەزامەندی هەردوولا درێژبکرێتەوە، ئێران پابەند دەبێت بە کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی باج (سەرانە)، هەروەها کۆکردنەوەی ئەو "مین"انەی کە ئەگەر هەیە لە ئاوەکەدا بڵاوی کردبنەوە.

لەمبەرامبەردا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران دەهێنێت و ئێران لە هەندێک لە سزاکان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتەکەی لە بازاڕی جیهانیدا بفرۆشێت.

بابەتە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم 60 ڕۆژەدا چارەسەر نابن، بەڵکو یاداشتنامەکە بە قۆناغێک لە دانوستان دەربارەی پرسە ئەتۆمییەکان کۆتایی دێت؛ کە تێیدا، بەپێی ئەو هیوایەی هەیە، حکومەتی ئێران پابەند دەبێت بەوەی هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت، وە هەردوولا گفتوگۆ و دانوستان دەکەن دەربارەی ڕاگرتنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و گواستنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران.


AM:09:12:24/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت