تۆم باراک: ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
وێستگەنیوز_
پاش ئەوەی رۆژی 13ی تەممووز، لە سوەیدا شەڕ لە نێوان بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی دروزەکان و هۆزە دەشتەکییە سوننە مەزهەبەکان (کە لەلایەن سوپای سووریا پاڵپشتی دەکرێن) دەستیپێکرد، ئەمڕۆ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون و داواش لە درووز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا دەکات چەک دابنێن و 'ناسنامەیەکی نوێی سووری' بنیات بنێن.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 7ـی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: "ئەم رێککەوتنە پێشهاتێکی گەورەیە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکەین چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن."
دوای 6 رۆژ لە شەڕ و پێکدادانەکان، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوەیدا تاوەکو ئێستا 718 کەس کوژراون، رۆژی پێنجشەممە سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنی راگەیاند، بەڵام هەینی جارێکی دیکە ئاڵۆزییەکان دەستیان پێکردەوە.
AM:08:37:19/07/2025
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت