رۆیتەرز: هیچ هیوایەكی گەورە بەدی ناكرێت بۆ گۆڕانکاری لە عێراقدا


وێستگەنیوز-
سیاسەتمەدارانی عێراق خۆیان بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە ئامادە دەکەن، بەڵام هاوڵاتیان ترسی ئەوەیان هەیە كە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەدوای خۆیدا نەهێنێت.


ئاژانسی رۆیتەرز لە رایۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، زۆرینەی خەڵك پێیان وایە ئەو پۆستەرانەی باس لە چاكسازی دەكەن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، تەنها دەستپێشخەری بەتاڵن و كۆمەڵێك نوخبە پێشكەشی دەكەن، كە لە دوای ساڵی 2003وه هیچی وایان پێشكەش نەكردووە.

ئاماژەشی كردووە، لە دوای ساڵی 2003وە، ساڵانێک لە گەندەڵی و بەرزی رێژەی بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بووەتە هۆی تێكچونی ژیانی رۆژانەی خەڵك و عێراقییەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە زۆرێک لە سەرکردەكانی شیعە و سوننە زۆر سەرقاڵی کێبڕکێکردنن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی تایفی، كە ئەمەش رێگایان نادات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، سەرەڕای سامانە نەوتییە زەبەلاحەكەی.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، سەرەڕای ئەوەی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڵێنی گۆڕانکاری دەدەن، بەڵام دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ زۆر کەس یەكلایی بووەتەوە، كە پێشوەختە دیاری کراوە و تەنها خزمەت بە هێشتنەوەی هاوسەنگی سیاسی عێراق دەکات و دەدرێت بەدەستی هەمان نوخبە تایفییەكانەوە.

سەعید حاتەم، دانیشتووی بەغدا گومانی خۆی لە ئەگەری گۆڕانکاری دەربڕی و دەڵێت، ریکلامەکان لە شەقامەکانن، بەڵام 20 بۆ 25 ساڵە حوکم دەکەن و هیچ شتێک نییە وا لە خەڵک بكات، متمانەی بە بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان هەبێت.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەبێتە تاقیکردنەوەیەك بۆ متمانە بە سیستمی سیاسی تایفیی چەسپاو له عێراق، کە نەیتوانیوە بەڵێنەكانی بۆ  باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی جێبەجێ‌ بكات، لە وڵاتێکدا کە عێراقییەکان دەڵێن، داهاتە زەبەلاحەکانی نەوت تەنها سوودی بۆ نوخبەی سیاسی هەیە.

عەبدولجەبار حمود، كە یەكێكە لە شێخی هۆزەكان رەخنەی لەوە گرت، کە تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پەیوەندییەکانی حکومەت و خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەروە باشتر دەڕوات، لەکاتێکدا زۆربەی عێراقییەکان لەکاتەكانی تردا پشتگوێ دەخرێن.

قەیس زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "پرۆسەی سیاسی چیتر پرۆسەیەکی سیاسی دیموکراسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسییە کە له ساڵی 2003وە تا ئەمڕۆ، لەلایەن قەوارە تایبەتەکانەوە قۆرخکراوە ".


PM:02:02:01/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو