بەهۆی رووداوی ئاگرەکەی کوت 17 بەرپرس دوردەخرێنەوە و سێ ئەفسەری پلە باڵا دەستگیردەکرێن


وێستگەنیوز_

درەنگانی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆش لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند؛ و دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بریتین لە ڕاگرتنی 17 بەرپرس و فەرمانبەری حکومی و سێ ئەفسەر، کە بەهۆی کەمتەرخەمی کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوون.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەمموزی 2025، میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ پێکهێندراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و بەراوردکردنیان لەگەڵ وتەی شایەتحاڵ و بەرپرسان گەیشتە چەند ئەنجامێکی سەرەتایی.
  
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "کەمتەرخەمییەکی روون لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەر لە چەندین فەرمانگەی پەیوەندیداردا هەبووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی قەبارەی کارەساتەکە و زیانەکان."
 
لەسەر بنەمای ئەنجامە سەرەتاییەکان، لیژنەکە بڕیاری داوە بە:
 
یەکەم: دوورخستنەوەی کاتیی (17) فەرمانبەر و بەرپرس لە کارەکانیان، تاوەکو تەواوبوونی رێکارە لێکۆڵینەوەیی و کارگێڕییەکان. دوورخراوەکان بریتین لە:
 
1. بەڕێوەبەری هۆبەی گەشتوگوزاری واست.
2. بەڕێوەبەری شارەوانیی کوت.
3. بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی کوت.
4. بەرپرسی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کوت.
5. (عەلی عەباس کازم)، بەرپرسی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کوت.
6. بەرپرسی پێشووی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
7. بەرپرسی پێشووتری یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
8. چاودێری پێشووی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
9. بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی.
10. بەڕێوەبەری کەرتی یەکەمی چاودێریی تەندروستی/ کوت.
11. بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
12. فەرمانبەرێکی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
13. فەرمانبەرێکی دیکەی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
14. بەڕێوەبەری ئێستای رێگەوبانی واست و یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری شارەوانیی کوت.
15. بەرپرسی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی / شارەوانیی کوت.
16. بەرپرسی یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی/ ناوچەی کەفائات لە شارەوانیی کوت.
17. فەرمانبەرێک لە یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی ناوچەی کەفائات.
 
دووەم: دەرکردنی فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ ئەم ئەفسەرانە:
 
1. بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتوگوزاری واست.
2. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی واست.
3. فەرماندەی ناوچەی یەکەمی بەرگریی شارستانی / کوت.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم رێکارانە بەگوێرەی مادەی (331)ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو گیراونەتەبەر و لیژنەکە بەردەوامە لە کارەکانی تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی و لێپێچینەوە لە هەموو کەمتەرخەمەکان.


AM:10:48:19/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو