د.سەباح هەورامی: لە کەرتی تەندروستی هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنان نییە، تەنها بودجەی کار بەڕێکردنمان هەیە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 19ی تەموزی 2025، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو راگەیاند، "لە کەرتی تەندروستی هیچ بودجەیەکی وەبەرهێنان نییە، تەنها بودجەی کار بەڕێکردنمان هەیە ساڵانە".


لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری وێستگەنیوزدا لەبارەی پەیوەندی نێوان کەرتی تەندروستی و بزنس بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، "لە کەرتی تەندروستی لە کوردستاندا پلان نییە، بەڵکو دیوەخان و بزنسی گەورە هەیە، بۆیە پێویستە ئەمە بە پلان چارەسەربکرێت".

هەروەها پەیامنێری وێستگەنیوز لەبارەی نرخی سەر ستیکەرەکانی دەرمان پرسیاری لە بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی کرد کە بۆچی نرخەکان لە پێشووتر زیاترن لە وەڵامدا د. سەباح باسی لەوەکرد، "کە ئەوە پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانەوە هەیە".

لەبارەی دامەزاراندنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی د. سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا، "حکومەتی هەرێم هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی نییە".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتی، "هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا نەخۆشی کۆلێرا بڵاودەبێتەوە کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە، ئەمساڵێش بەهۆی کەمی بارانبارین و پیسی سەرچاوەکانی ئاو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا زۆرە، ئێمە تەنها دەتوانین لەو بودجەی لە بەردەستمانە بڕێک تەرخان بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، بۆیە هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەت بە نەخۆشی کۆلێرا دابینبکات،".

وتیشی، "خۆشبەختانە تا ئێستاش هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارنەکراوە".


PM:04:34:19/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت