بنەماڵەی ژنە كوژراوەكەی سلێمانی: كێشەمان لەگەڵ كەسدا نییە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

خانەوادەی ئەو ژنەی كە ئەمڕۆ بەكوژراوی لەشاری سلێمانی دۆزرایەوە رایدەگەیەنن، نازانن هۆكاری سەرەكی رووداوەكە چییە و ئێستا پۆلیس لێكۆڵینەوەی تێدا دەكات.

پاشینوەڕۆی ئەمڕۆ لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لەشاری سلێمانی، تەرمی ژنێك بەناوی (شۆخان عارف) لەنێو ئوتومبیلەكەیدا دۆزرایەوە كە ئاسەواری سێ فیشەك بە جەستەیەوە بووە.

شیلان عارف، خوشكی شۆخان عارفی كۆچكردوو ئەمشەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "خوشكەكەم فەرمانبەر بووە و ئێستا دۆسیەكە لای پۆلیسە و لەقۆناغی لێكۆڵینەوەیە، بەڵام بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەئاڕاستەیەكی دیكە وێنا نەكرێت، لەگەڵ هیچ كەس و لایەن و بنەماڵەیەك كێشەمان نییە، تائێستاش نازانین هۆكاری رووداوەكە چییە، سكاڵای یاساییمان تۆمار كردووە و چاوەڕێی پۆلیسین، ئاشنایەتیشمان لەگەڵ بكوژەكەدا نییە".

دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ژنە، هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كەسێكی دیكە لەنێو بەلەمێك لەهاوینەهەواری دوكان خۆی كوشت، سەبارەت بەوەی ئەم رووداوە تا چەند پەیوەندی بەڕووداوی خوشكەكەیانەوە هەیە، شیلان عارف وتی "لەگەڵ ئەو رووداوەی دیكە كە روویداوە رەنگە پەیوەندیمان بەیەكەوە هەبێت و رەنگە پەیوەندیشیان بەیەكەوە نەبێت، دۆسیەكە بۆ دادگا و پۆلیس جێدەهێڵین، بەڵام لەسەر دۆسیەكەش لەهیچ كەس و لایەنێك ئەگەر لەپشت رووداوەكە بن خۆش نابین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، خوشكەكەی ساڵی 2013 لەگەڵ هاوسەرەكەی بەخواستی خۆیان جیابوونەتەوە و دوو منداڵیشیان هەیە، بەڵام دوای جیابوونەوەی لەماڵی باوكی ژیاوە.


PM:09:53:09/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 9148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت