وەزارەتی دارایی هەرێم: بەغدا مووچەی دوو مانگی هەرێمی نەداوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دایەوە بۆ راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "بەغدا مووچەی دوو مانگی ساڵی رابردووی نەداوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی نیشان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تەواوی پابەندی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 بووە".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لە ساڵی 2025دا هەرێمی کوردستان پشکی گەنجینەی فیدراڵی رەوانە کردووە، بەڵام لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق تەنیا پارەی 10 مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا مووچەی سەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەو دوو مانگە دراوە".
روونیشکراوەتەوە، "بۆ ساڵی 2026 و بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا، داهاتی نانەوتیی مانگەکانی یەک، دوو، سێ، چوار و پێنج رەوانەی بەغدا کراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە مانگەکانی سێ و چواردا داهاتی نانەوتی بەهۆی دۆخی شەڕ لە ناوچەکە و رێکنەکەوتن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا کەم بووەتەوە، چونکە بابەتی ئەسیکۆدا وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراق، رێژەی 50%ی داهاتە نانەوتییەکان رەوانەی گەنجینەی فیدراڵی کراون".
سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆداش وەزارەتەکە دەڵێت، "گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ لە دەرکردنی بڕیاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە سستی دەکات".
لەبارەی لێدوانەکەی عەدنان فەیحان بۆ راگرتنی مووچە وەزارەتەکە دەشڵێت، "پێویست بوو ئەو بەرپرسەی عێراق بەدوای چارەسەری یاسایی و دەستووریدا بگەڕێت بۆ کێشەی سەپاندنی خەرجیی راستەقینەی هەڕەمەکی، چونکە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەوە شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پارەی مووچە بەتەواوی خەرج نەکراون و ئەم بڕگەیە تەنیا بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت".
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، "پێمان سەیرە کەسێک لەو پۆستە باڵایەدا داوای بڕین و راگرتنی مووچەی بەشێک لە هاووڵاتییانی دەوڵەت بکات، بێ ئەوەی رەچاوی پاراستنی مافی هەمووان و یەکسانی بکات".
AM:11:55:09/06/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت