عه‌مار حه‌كیم بۆ مه‌سرور بارزانی: ئیراده‌ی راسته‌قینه هه‌بێت، كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
وێستگه‌نیوز –
سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه ئیراده‌ی راسته‌قینه هه‌بێت، كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ده‌شڵێت: "ده‌بێت كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به سازان چاره‌سه‌ر بكرێن".
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 24ی ئایاری 2026 عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وته‌كه له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگهكهجا ئاماژه به‌وه كراوه كه هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كردووه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، حه‌كیم ستایشی هه‌وڵه‌كانی كۆتاییهێنان به بنبه‌ستی سیاسی له وڵات‌دا كردووه و وتوویه‌تی: "عێراق قۆناغێكی سیاسی زۆر سه‌ختی تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌زینی داهات و كه‌میی پاره‌ی نه‌ختینه رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگیی ئابووری و دارایی جددی ده‌بێته‌وه".
جه‌ختیشی له گرنگی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێسته‌كان و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كاریگه‌ر بۆ كێشه‌كانی ئێستا كردووه‌ته‌وه و داواشیكردووه ئه‌م قۆناغه بقۆسترێته‌وه بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی ده‌روازه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق و هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی نیشتمانی، و بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رته به‌رهه‌مداره‌كان بۆ به‌هێزكردنی ئابووری نیشتمانی.
هاوكات حه‌كیم جه‌ختی له‌سه‌ر "چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای سازان له‌پێناو چاكه‌ی گشتی" كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "هه‌ركاتێك هه‌موو لایه‌نه‌كان ئیراده‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن به‌پێی بڕگه‌كانی ده‌ستوور و یاسا، ئه‌م كاره ده‌كرێت".
PM:09:24:24/05/2026
ئه‌م بابه‌ته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت