هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ چەکداری داعشیان دەستگیرکرد


وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ ئەندامی چالاکی رێکخراوی داعشیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستگیر کرد.


بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ میدیاکان ئاشکرایکردووە، "دوای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگریی ورد و پشتڕاستکراو سەبارەت بە بوونی شانەیەکی نووستووی داعش لەناو ماڵێکدا لە پارێزگای هەڵەبجە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دەستیان بە جوڵە کرد".

هەروەک سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، "کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی مەبەست و گەمارۆی ماڵەکەیان دا، چەکدارەکان هەوڵیاندا بەرەنگاری هێزەکە ببنەوە. بەڵام کارمەندانی ئۆپەراسیۆنەکان توانیویانە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و هەر سێ چەکدارەکە دەستگیر بکەن کە یەکێکیان پۆستی باڵای ئەمیری لۆجستیی لەناو رێکخراوەکەدا هەبووە".

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە میانی رووبەڕووبوونەوەکە ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بریندار بووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی جێگیرە، هەروەها دەستگیرکراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ لێکۆڵینەوە".


AM:09:26:09/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو