مەسعود بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر: ئەمجۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانونی یەکەمی 2025 لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سوگایا، بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیارا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکاری تری ژاپۆن.


بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا، ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئارا و بە هۆکارێکی گرنگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی وڵاتەکەشیان راگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەکراوە، شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن هەروەها نیگەرانیی خۆیان بۆ هێرشی ئەم دواییەی سەر کۆرمۆر نیشاندا و وێڕای ئیدانەکردنی رایانگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی سەقامگیریی وزە و ئابووریی عێراق و ناوچەکەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، مەسعود بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رایگەیاند، "ئەم جۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنێت".

سەرۆکی پارتی لە دیدارەکەدا، رۆشنایی خستووەتەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کەموکوڕییەکانی یاسای هەڵبژاردن و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق.

ئایندەی کورد لە سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.


PM:02:58:02/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت