حەسەن تۆران: كەركوك شارێكی عێراقییە بە ناسنامەیەكی توركمانی


وێستگەنیوز-

حەسەن تۆران، سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی عێراقی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، كەركوك شارێكی عێراقییە بە ناسنامەیەكی رۆشنبیری توركمانی.


حەسەن تۆران، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە دەڵێت، "ئێمە وەك بەرەی توركمانی و حزبە توركمانییەكان باوەڕمان وایە، كە كەركوك شارێكی عێراقییە بە ناسنامەیەك و تایبەتمەندییەكی رۆشنبیری توركمانی".

روونیشیكردەوە، "راستییەك دەدرکێنم رەنگە لای هەمووان نەزانراو بێت ئەویش ئەوەیە، كە وشەی توركمان لە عێراق تاوەكو ساڵانی 1957 و 1958 كە واباوە لەو ساڵانەدا ناوی ئێمە ناسێندراوەن ناومان توركمان نەبووە، بەڵكو ناومان توركەكانی عێراق بووە".

حەسەن تۆران وتیشی، "بەڵگە بۆ قسەكانیشم كە حەز دەكەم هەمیشە پشت بەو بەڵگانە ببەستم دەوڵەتی عێراق بڵاوی دەكاتەوە، بەڵگەكەم سەرژمێری ساڵی 1957ە كە ئەو كاتە خانەی نەتەوایەتی تێادا نەبووە، بەڵكو خانەی زمانی دایك هەبووە، لە خانەی زمانی دایكیشدا لەجیاتی بەكارهێنانی ناوی توركمان، توركەكانی عێراقیان بەكارهێناوە".

دەشڵێت، حەزدەكەم ئەم روونكردنەوەیەش بدەم، كاتێك ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، "كەركوك توركییە"، مەبەستی لەوە نەبووە كە بەشێكە لە توركیا، بەڵكو ئێمە توركەكانی عێراقین و پاشان ناومان لێنرا توركمان.


AM:10:16:02/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت