"زیاتر لە 300 كۆچبەری نایاسایی گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و 50شیان دەستبەسەرن"


وێستگەنیوز-

کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، زیاتر لە 300 كۆچبەری نایاسایی لە ماوەی ئەمساڵدا گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە دەستبەسەربوون لە چەند وڵاتێكی عەرەبی لە باكووری ئەفریقیا.


بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، "فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەوڵێكی بەردەوام دایە بۆ ئازاد كردنی ژمارەیەك دەستبەسەركراو، كە هەوڵی كۆچكردنی نایاساییان داوە بۆ ئەوروپا".

ئاماژەشی كردووە، "فەرمانگەی پەیوەندییەكان توانیویەتی 319 دەستبەسەر لە چەند وڵاتێكی عەربی لە باكووری ئەفریقیا كە لیبیا و تونسە، لە ماوەی ئەمساڵدا بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

وتيشى، "تائێستاش نزیكەی 50 كۆچبەری شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستبەسەرن لە هەندێك لە وڵاتەكان و لە هەوڵدان بۆ ئازاد كردنیان و گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێم".

روونیشیكردەوە، "25 كۆچبەری هەرێمی كوردستان لە چەند وڵاتێكی عەرەبین و حەوت كۆچبەری تریشیان لە بولگاریان و تاوەكو ئێستاش لەو وڵاتانە دەستبەسەرن".

بەوتەی بەكر عەلی، ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان و وڵاتەكانی دیكەوە هەوڵی كۆچكردن دەدەن بۆ وڵاتانی باكووری ئەفریقیا لە رێگای كۆچكردنی نا یاساییەوە بە پشت بەستن بە تۆڕی قاچاخچییەكانەوە، كە ئەمەش ژیانی كۆچبەران دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە، هەر لە دەسبەسەر كردن و قۆرخكردنیان تاوەكو دەگاتە خنكاندنیان لە دەریادا.


AM:08:37:02/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو