تەیف سامی: هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنی پابەندییە داراییەکانی


وێستگەنیوز_

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دواکەوتنی خشتەکانی بودجەى 2025 بەهۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و یەکلانەبوونەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "ئامادەکردنی خشتەکانى بودجە هیچ سوودێکی نییە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنی پابەندییە داراییەکانی."
 
تەیف سامی لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەبارەی وردەکاریی میوانداریکردنی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوکرایەوە، وتوویەتی: "دواکەوتنی ناردنی خشتەکانی بودجە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، ناجێگیرى نرخی نەوت و یەکلایینەکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەو دۆخە رێگری لە دابینکردنی بودجەی فیدراڵی دەکات."
  
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەکردنی خشتەکانی بودجە هیچ سوودێکی نییە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێنەکردنی پابەندییە داراییەکانی، هاوکات کاریگەریی ناجێگیریی نرخی نەوت و قەرزە کەڵەکەبووەکانیش بوونەتە رێگر لەبەردەم توانای حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی بودجە."
 
بودجەی 2023ـی عێراق زیاتر لە 198 تریلیۆن دینار و بودجەی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار بووە. بەهۆی نەناردنی خشتەی بودجەی 2025، بڕەکەی دیار نییە، بەڵام خەرجیی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 37.6 تریلیۆن دینار بووە و داهاتەکەشی لە هەمان ماوەدا 28 تریلیۆن دینار بووە.


PM:06:40:20/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو