مەسرور بارزانی: پرسیارمان لێدەکرێت داهاتی ناوخۆ چی لێدەکەن، ئێمە بە پرۆژە وەڵامییان دەدەینەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەموزی 2025، هێڵی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە.
لەمیانەی مەراسیمەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چەند ساڵی رابردوو هەستمان بەوەکرد قەیرانی ئاو قەیرانێکی جدییە و خەڵکی هەولێر بەدەست قەیرانی کەم ئاوییەوە دەیناڵاند، بۆیە دەبوو بیری جدی لەم بابەتە بکرێتەوە و بڕیارماندا پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر جێبەجێ بکەین و ئەمڕۆش یەکەم قۆناغی پرۆژەکەمان کردەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێک لە سوودەکانی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە، چیتر لە هەولێر پێویست ناکات ئاوی ژێر زەوی بەکاربهێنرێت".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، "کۆمپانیا و دەستی کارمان لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر خۆماڵییە"، داواشی لە هاوڵاتییانی شاری هەولێر کرد دەست بە ئاوەوە بگرن.
باسی لەوەشکرد، "پرۆژەی ئاودانی باخ و زەویوزاریش بەمزوانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"، "دەشڵێت، "کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر حسابی شوێنی دیکە نییە و ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە كوردستان كارەبای 24 كاتژمێرییان پێ دەگات، لە بەرنامەشدایە تاوەکو ساڵی داهاتوو بە هەموو کوردستان بگات".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە ئامادەین ئەزموونی خۆمان بخەینە خزمەتی هەموو عێراق".
مەسرور بارزانی باسی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم کرد و رایگەیاند، "پرسیارمان لێدەکرێت داهاتی ناوخۆ چی لێدەکەن، ئێمە بە پرۆژە وەڵامییان دەدەینەوە".
راشیگەیاند، "بەغدا پێمان دەڵێت نابێت هیچ داهاتێکتان هەبێت، بەڵام تێگەیشتنی ئێمە لەبارە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستوورە، کە بەپێی دەستوور دەبێت لە %50ی داهاتی ناوخۆ بدرێت بە بەغدا".
دەشڵێت، "لەبری دەستخۆشی قەیران لەسەر قەیران بۆمان دروستکرا، بەڵام راناوەستین، هەروەها هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بودجەی تایبەتی لە عێراق هەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی وتیشی، "لایەنی ناوخۆی سکاڵایان لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد کە بەغدا راستەوخۆ مووچە بدات، بەڵام ئێستا ئەودەنگانە بێدەنگ و یان کە قسەدەکەن پاساو بۆ بەغدا دەهێننەوە لەبری داوای لێبوردن بکەن".
باسی لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و ئەوەی خستەڕوو، "عێراق مەرجی نوێی بۆ رێککەوتنەکە زیادکردووە تاوەکو هەرێم 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردە نەکات مووچە نانێرێت، بەڵام ئێمە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەین".
وتیشی، "ئەگەر هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان کۆتایی بێت، ئێمە کێشەمان نییە لە هەناردەکردنی نەوت".
مەسرور بارزانی جەختی لەوەشکردەوە، "بەغدا داوا دەکات تەوتین جێبەجێ بکەین، ئێمە جێبەجێمان کردووە، ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی ئێمە بوو لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێمانکردووە و قبووڵمان کردووە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە هەرێم بکرێت، هەروەها مانگانەش 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "بۆ ناردنی مووچە چاوەڕێی بەغدا دەکەین و هیوادارین مووچە بنێردرێت و ئەم سزا بە کۆمەڵە کۆتایی بێت".
AM:11:15:20/07/2025
ئهم بابهته 724
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت