کۆمەڵی دادگەریی لە دووەم رۆژی کۆنگرەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەموزی 2025، بەپێی بەرنامەی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بێت لە دووەم رۆژی کۆنگرە گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە دەکرێت.


پێشتر عەباس محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە دەکرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو".

دوێنێ شەممە 19ی تەموزی 2025، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی حزبەکەی ئەنجامدا، بەپێی کارنامەی کۆنگرەکە بێت، دوێنێ مامۆستا عەلی باپیر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ هەڵبژێردران.

ئەمڕۆ دووەم و کۆتا رۆژی کۆنگرەکەیە کە تایبەت کراوە بە گفتوگۆکردن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە، لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.

کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستەکەی لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.


AM:09:05:20/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت