سۆران عومەر: بەشدارینەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی بۆ سیاسەت و ئیدارەدانی حزبەکە دەگەڕێتەوە
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 19ی تەموزی 2025، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی عێراق بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی نەکرد روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەی سۆران عومەر هاتووە، "بەشدارینەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی هۆکاری بابەتی پەیوەست بە سیاسەت و ئیدارەدانی کۆمەڵەوە هەبووە لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوون، کێشەی من کەسی نییە، بەڵکو کێشەم ئەوەیە کەم لایەن هێندەی کۆمەڵ خەڵکی خاوەن باوەڕو بۆ خواسوڵحاو و گیان لەسەر دەستی هەیە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیان بەخشینن، بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە، رەخنەو نیگەرانیەکانیشم بەخودی مامۆستا عەلی باپیر و ئەنجومەنی باڵا وتووە، دڵنیابن هیچ کات ئامادە نیم باسی کێشە ناوخۆییەکانمان لەڕاگەیاندن بکەم".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی کۆمەڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا باش دەزانن لەڕوی مادیەوە چەند ئیغراو ئیمتیازی مادیم لەژێرپێ ناوە، ماوەی 12 ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی موچەکەم داوەتەوە بەکۆمەڵ (جگە لەوەی پێنج مانگ موچەو موڵک و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەم دەستی بەسەردا گیراوە) تەنانەت ئەو شوقەی کەلەبەغدا تێیدا ئەژیم هی کۆمەڵەو مانگی سێ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم، بەتەحەداوە ئەیڵێم هەمیشە من پارەم داوە بەکۆمەڵ بەپارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتی خانەنشینیشەوە".
سۆران عومەر دەشڵێت، "ئەسڵەن من کێشەی ئەوەم هەبووە کەنابێ بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵ پارە لەهیچ لایەک وەربگرن تاکو ئۆپۆزسیۆنێکی دەنگ دلێربن".
ئەوەشی وت، "بەشوێن پلەو پۆستەوە نەبووم بۆیە هیچ کۆنگرەیەکی کۆمەڵ خۆم کاندید نەکردووە، لەم کۆنگرەش مامۆستا عەلی باپیر داوایکرد بەشداری بکەم و خۆم کاندید بکەم بۆ سەرکردایەتی ڕەدم کردەوە، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ داوایکرد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خۆم کاندید بکەمەوە ئەویشم رەتکردەوە".
وتیشی، "شانازیش دەکەم کە 12 ساڵە بۆ سێ خول دەچێت پەرلەمانتاربووم و نوێنەرایەتی دەنگدەرانم و کۆمەڵم کردووە بەبێ سڵەمینەوە لە فەرمانی گرتن و هەڵگرتنی پارێزبەندی و قەدەغەی سەفەر، خوا پشتیوان بێت لەئێستا و ئایندە هیچ کات پێچەوانەی رابردووی خۆم ناکەم و دین و کەرامەتی خۆم نادەم بە سەروەتی هەموو دونیا، هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراوم ئەگەر ستەمکار باوکیشم بێت".
لە کۆتایشدا رایگەیاندووە، "هیوادارم کۆمەڵ بگەیەننەوە ئاستی ئەو هیوایەی خەڵکی کۆمەڵ و دەنگدەرەکانی بەو حزبەی هەیە".
PM:07:22:19/07/2025
ئهم بابهته 904
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت