لە بەسرە لەسەر پۆستی 'شێخایەتی' هۆزێک شەش کەس کوژران


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ شەممە 19ی تەمموزی 2025 پۆلیسی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، لە شەڕێکی هۆزایەتیدا لە قەزای ئەبو خەسیب لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق شەش کەس کوژران کە ئامۆزای یەکترن.
 
عەقيد عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای بەسرە رایگەیاندووە، "شەڕ لەنێوان چەند ئامۆزایەک لە نێو کاروانێکی پیادەڕەویی زیارەتکاران لە ناوچەی باب تەویل لە قەزای ئەبو خەسیب روویدا و 6 کەس کوژراون، دواتر پۆلیس گەیشتووەتە شوێنەکە و بەشێکی ئەو کەسانەیان دەستگیر کردووە کە شەڕەکەیان کردووە؛ هەروەها دەست بەسەر ئەو چەکانەدا گیراوە کە بەکارهێندراون".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، کێشەکە لەسەر شێخایەتی بووە کە پۆستێکی سەرۆکایەتییە لەنێو هۆزی عیبادە".
 
لە سەرەتادا، شەوی رابردوو دەمەقاڵێ لەنێوان چەند ئەندامێکی هۆزەکە روویداوە بەڵام دواتر دۆخەکە هێور بووەتەوە، بۆ جاری دووەم بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناکۆکییەکە سەری هەڵداوەتەوە و پەرەی سەندووە بۆ تەقەکردن و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.


PM:02:38:19/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت