عەلی باپیر: هەرێمی کوردستان لەدەستی ئەمیندا نییە


وێستگەنیوز_

لە میانی بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری، عەلی باپیر رایگەیاند، "توانیمانە تاڕادەیەکی باش راستگۆیی خۆمان بپارێزین؛ خاڵی بەهێزی ئێمە ئەوەیە متمانەی خەڵکمان پاراستووە، هەرچەندە زۆر کات بە ناحەق بەهانەمان پێگیراوە، بەڵام سوپاس بۆخودا دامەزراو بووین و نەپساوین". دەشڵێت: کۆمەڵی دادگەری بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەکات.

عەلی باپیر لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا وتی: "وەک کۆمەڵی دادگەری، هەمیشە لەگەڵ ستەمکاران دەستەویەخە بووین و خۆمان لە بەرەی خەڵکی بەشخوراو دەبینینەوە، هەمووکات لەگەڵ خۆسەپێنەران و ئەوانەی چاویان لە زوڵم و ستەم بووە، دەستەویەخە بووین بەڵام بە نەفەسی ئیسلامییەوە، شتی ناشرینمان لەخۆمان نەوەشاندووەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرکات وتومانە هەرێمی کوردستان خێر و بێری زۆرە، بەڵام بە ئەمانەتەوە بەڕێوە نابرێت و لە دەستی ئەمیندا نییە، چۆن دەبێت خەڵک بۆ سێ مانگ بچێت بێ مووچە بێت؟ دەبێت بەرپرسان بێن و ئەگەر هۆکارێکیان هەیە بە ڕوونی بە خەڵک بڵێن هۆکاری ئەمەیە".

بە وتەی عەلی باپیر، کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ کەسێکدا مامەڵە ناکات کە 'ستەم' بکات و دەڵێت: "ئێمە هەوڵمانداوە بە ئەدەب و رەوشت و ئەخلاقی بەرز، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان خۆمان بڕازێنینەوە، دەبێت ئەوەی بە خۆمی ڕەوا دەبینم بە خەڵکیشی ڕەوا ببینم، نابێت لەگەڵ خەڵکا درۆ بکر‌ێت".

باسی لەوەشکرد، "کۆمەڵ هەوڵیداوە کارەکانی دامەزراوەیی بێت، سەربەخۆی و هاوسەنگی خۆمان پاراستووە لە ڕووی فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. هەوڵمانداوە لە تاتەرازووی کەسدا نەبین، لێرەوە دەڵێین لە تاتەرازووی کەسدا نین، لەگەڵ هەر کەسێکین کە حەقی پێیە، نەک لە سەرەتاوە بڕیارمان دابێت لەگەڵ یان دژی لایەنێک بین، نە دۆستی موتڵەقمان هەیە نە دوژمن. دۆستمان ئەوەیە کە لەسەر حەقە، دوژمنیشمان خراپە و کوفر و شیرکە. دژی هەڵەی خۆشمانین نەک هەر هەڵەی خەڵک، خۆشمان هەڵەمان هەبێت دژی دەبین؛ دانی پێدا دەنێین و لێی پەشیمان دەبینەوە".

هەروەها عەلی باپیر دووپاتی کردەوە کە، هەمیشە هەوڵمانداوە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبین کە دەبێتە باو، بەبێ ئەوەی بزانین کە حەقە یان نا، لە هەڵبژاردندا کورسییەکانمان زۆر زیاتر بوو، بەڵام پێشوەختە دیزاین کرابوو. ئەوکاتیش وتم پێم وانییە پەرلەمان پێ بگرێت. چونکە بناغەیەکی خراپی هەیە. ئەمە واتای ئەوە نییە دڵخۆش بم بەوەی پەرلەمان پێ ناگرێت، هەرچەندە ستەممان لێ کرا، بەڵام با بێن دانیشن؛ حکومەتداری بکەن و وڵات بەڕێوەبەرن. ئێمە لە هەشت بۆ نۆ کورسی تەنها سێ کورسیتان بۆ داناین، قەینا ئەو حەرامە با لە ئەستۆی ئێوەدا بێت، بەڵام ئەوانەی دەڵێن هەڵبژاردنمان بردەوە، بۆ نایەن پەرلەمان پێکبهێنن لەسەر زۆرینە و کەمینە و دابەشکردنی پۆستەکان، وڵات بەو تەسکبینییە بەڕێوەدەچێت؟ ئێمە بۆیە بایکۆتمان کرد و شانازیشی پێوە دەکەین. ئەوەتا قسەکەی ئێمەش دەرچوو". 

سەبارەت بە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی عێراقدا، عەلی باپیر وتی: "ئەمن هەڵبژاردنەمان لەپێشە، هیوادارین ئەو هەموو تەزویر و فرت و فێڵەی کە بوو، دووبارە نەبێتەوە، ئێمەش بڕیارمان داوە بەشداری بکەین". 



AM:11:45:19/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت