‌ئایا هاوسەرگیری نەخۆشی دەروونی چارەسەر دەکات؟

وێستگە ستایل-

هەندێكجار کەسوکاری چارەخواز هۆکاری تووشبوونی کەسەکەیان بە نەخۆشی دەروونی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی هاوسەر، و باوەڕیان وایە بە هاوسەرگیریکردنی نەخۆشیەکە بنەبڕدەبێت، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌؟ دكتۆر هێمن پزیشکی پسپۆڕی دەروونی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ له‌ڕێی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری دوو کەس کە لەگەڵ یەک گونجاو بن و پشتگیری کەس و کاریان هەبێت، تاڕادەیەکی زۆر ئاسودەیی و جێگیری بە دەروونی هەر یەکەیان دەبەخشێت، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە کەسێک دووچاری نەخۆشیەکی وەک خەمۆکی توند یان شیزۆفرینیا بوو بە هاوسەرگیری باش دەبنەوە."

دكتۆر هێمن ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، گرفتەکە لەوەدایە کە کەسوکاری چارەخواز هانی دەدەن کە واز لە چارەسەریەکان بهێنێت و بەمەش باری دەروونیەکەی ناجێگیر دەبێت و گرفتی خێزانی دروست دەکات.

سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ی‌ كه‌  ده‌وترێت چارەخواز نابێت بە کەسی داواکار بڵێت نەخۆشی دەروونیم هەیە نەوەک ڕازی نەبێت بە هاوسەرگیریەکە، دكتۆر هێمن ده‌ڵێت" یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی هاوسەرگیری متمانەیە، لەبەرئەوە بە شاردنەوەی ڕاستیەکە هەر لەسەرەتاوە شیرازەی خێزان بەرەو داڕمان دەڕووات و چارەخواز ناتوانێت بە ئاشکرا چارەسەریەکان بەکاربهێنێت و بگرە هەندێجار وازیان لێدەهێنێت، و لە هەر قۆناغێکدا بێت ڕاستیەکە ئاشکرا دەبێت و ئەوکات ئەگەری جیابوونەوە زۆر لە ئارادا دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر لەسەرەتادا ڕاستی پێ بووترێت و ڕازی بێت بەو حاڵە ئەوا هاوکاری دەکات لە وەرگرتنی چارەسەر و ڕەچاوی باری دەروونی دەکات. 


AM:09:22:05/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌