‌خانمان پاش منداڵ بوون هەست بەچی دەکەن؟

وێستگە ستایل-

لەکۆی هەر پێنج ژن، یەکێکیان توشی خەمۆکی دوای منداڵبوون دەبن، ئەم حاڵەتە لەنێوان سێ بۆ شەش مانگ دەخایەنێت، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی دەرونی بکرێت، چونکە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ڕەنگە پێشهاتی خراپی بەدوادا بێت‌، دکتۆرە هانا پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی له‌م بابه‌ته‌دا ڕێنمای زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.


دکتۆرە هانا ده‌ڵێت"لە حاڵەتی ئاساییدا زۆربەی ژنان دوای منداڵبوون توشی نائارامی دەبن، بەڵام تەنها دوو هەفتە دەخایەنێت حاڵەتەکە لە دوو هەفتە زیاتر بوو، پێی دەوترێ خەمۆکی دوای منداڵبوون"

گرینگترین ئەو هەستانە کە ژنان پاش مناڵبوون هەیانە ئەمانەن:
1. زۆر ماندووم، بۆیە خەوم لێ ناکەوێ.
2. ڕەنگە خەتای من بێ کە منداڵەکەم دەگری.
3. زۆر دڵتەنگم.
4. هەرچەند مناڵەکەم زۆر شیرینە، بەڵام بەردەوام هەستێکی خراپم هەیە
5. هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات.
6. کەمبوون یان نەمانی حەزی سێکس.

هەندێک جار ژنەکە هەست بە نیشانەی جەستەییش دەکات، وەک:
1. دڵەکوتێ و ئازاری قەفەزەی سنگ.
2. ناوبەناو هەست بە سەرما و گەرما دەکات.
3. سەرگێژخواردن.
4. تا و لەرز.

ئەو ژنانەی کە پێش مناڵبوون نەخۆشی خەمۆکی یاخود هەر نەخۆشییەکی دەرونی تریان هەیە ئەگەری توشبوونیان بە خەمۆکی پاش منداڵبوون زیاترە.

ژنان پێیان شەرمە ئەو حاڵەتە لای کەسە نزیکەکانیان باس بکەن بۆیە زۆرجار درەنگ دەبرێنە پزیشک و کار لە کار دەترازێت، ئەگەر ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرەوە باسکراوە لە دوو هەفتە تێپەڕی، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی دەروونی بکەیت.


AM:10:51:04/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل