‌هۆكار و چاره‌سه‌ری کەمی ئاسن له‌ خوێندا

وێستگە ستایل-

ئاسن پێکھاتەی سەرەکی خوێنەو کاری گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ خانەکان ئەنجام ئەدات، به‌ڵام کەمی مادەی ئاسن یەکێکە لە کێشە باوەکان، لە ڕاستیدا کەمی ئاسن خۆی نەخۆشی نییە بەڵکو نیشانەیەکە بۆ نەخۆشییەکی تر کە بوەتە هۆی کەمی مادەی ئاسن، بۆیە کاتێک کەسێک توشی کەمی ئاسن ئەبێ سەرەتا پێویستە هۆکارەکەی دیاری بکرێت پاشان چارەسەر وەربگرێت، دكتۆر هەڤاڵ پزیشکی شارەزای گشتی له‌م بابه‌ته‌دا باوترین هۆكاره‌كانی ئه‌م گرفته‌ ته‌ندروستیه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

دیارترین هۆکارەکانی کەمی ئاسن ئەمانەن:
1-خوێن بەربوون
2-سود وەرنەگرتن لە ئاسنی ناو خۆراک بەهۆی هەندێ نەخۆشی ڕیخۆڵەکان،وەکو:نەخۆشی هەستیاری گەنم و دانەوێڵە.
3-خوێن بەربوونی ناوەوە وەکو بوونی برینی گەدە یان دوانزە گرێ،خوێن بەربوونی ڕیخۆڵەکان،خوێن بەربوونی جۆگەی میز.
4-بوونی خوێنی زۆر لەکاتی سوڕی مانگانە.
5-کەمی وەرگرتنی ئاسن لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەی ڕۆژانە ئەخورێن
6-بوونی گرێی ڕیخۆڵە(بە تایبەتی لە کەسانی بە تەمەندا)

نیشانەکانی کەمی ئاسن چین؟
1-ماندوێتی و بێھێزی
2-ھەناسە تەنگی
3-بێ ڕەنگی پێست و دەست و ژێر پێڵوی چاو
4-خێرا لێدانی دڵ
5-سەر ئێشە
6-ئازاری سنگ
7-ھەندێک جار حەزکردن لە خواردنی خۆڵ و بۆیاغ.

چارەسەر:
چارەسەری کەمی ئاسن بەگوێرەی ھۆکارەکەیەتی،واتە کاتێک کەسێک توشی کەمی ئاسن ئەبێ پێویستە پشکنینی پێویستی بۆ بکرێ بۆ زانینی ھۆکارکەی پاشان چارەسەر کردنی.

تێبینی:ھەڵەیەکی باو لەناو خەڵکیدا ھەیە ئەویش ئەوەیە خۆیان سەربەخۆ پشکنینی ئاسن ئەکەن،کە پێیان وترا ئاسنت کەمە ڕاستەوخۆ لە نۆڕینگە و دەرمانخانەکان حەپی ئاسن ئەکڕن و ئەیخۆن بەبێ ئەوەی ھۆکارە سەرەکییەکە دەستنیشان بکرێ،ئەمە ڕەنگە بۆ ماویەک نیشانەکان کەم بکاتەوە بەڵام دوای ماوەیەک دووبارە سەر ھەڵئەدەنەوە.


PM:06:22:21/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 8112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌