‌هۆكار و نیشانه‌كانی نه‌خۆشی ڕه‌بۆ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-

ڕەبۆ حاڵەتێکە کە بۆری هەوای سییەکان دەئاوسێت و تەسک دەبێتەوە و لینجایی زیاتر دروست دەکات، ئەمەش دەکرێ ببێتە هۆی کۆکین، قورسبوونی هەناسەدان، خیزەی سنگ لەکاتی هەناسەدانەوە و هەناسەبڕکێ، دكتۆر ئه‌یمه‌ن پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناوی هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ ته‌ندروستیه‌ باسده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نەخۆشی ڕەبۆ چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەکرێت نیشانەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێن. 

نیشانەکانی نەخۆشی ڕەبۆ چین؟
نیشانەکانی ڕەبۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن. دەکرێت کەسی توشبوو تەنها لە کاتێکی دیاریکراودا نیشانەی هەبێت، وەک کاتی وەرزش کردن، وە دەکرێت هەموو کات نیشانەی هەبێت.

نیشانەکانی ڕەبۆ بریتین لە:
1-کورتبوونی هەناسەدان(هەناسەبڕکێ)
2-تەنگی سنگ یان ئازار
3-خیزە لەکاتی هەناسەدانەوە، کە نیشانەی باوی نەخۆشی ڕەبۆیە لە منداڵاندا
4- کێشەی خەوتن بەهۆی کورتبوونی هەناسە و کۆکە یان خیزە
5- کۆکە یان خیزە کە بەهۆی هەوکردن و پەتا خراپتر دەبێت 

ئەو حاڵەتانەی وادەکەن نەخۆشی ڕەبۆ قورستر ببێت:
-.وەرزش کردنی قورس و خێرا 
- ساردی و وشکبوونی هەوا
- مادەی کیمیایی و گازەکان و تەپوتۆز لەشوێنی کارکردن.
-ڕەبۆ بە هۆی هەستیاری، بەهۆی مادەکانی ناو هەوا، وەک هەڵاڵە، سپۆری کەڕوو، پاشەڕۆی سیسرک، یان گەردیلەی پێست و موو و لیکی وشکبوو کە لەلایەن ئاژەڵی ماڵییەوە ڕژاوە.
-جگەرە کێشان و هەندێک دەرمان وەکو NSAID ەکان
-بێتاقەتی زۆر و سترێس
-مادەی سولفیت و پارێزەرەکان کە دەخرێتە ناو هەندێک خواردن و بەرهەمەکان وەکو میوەی وشککراو، پەتاتەی دەستکاریکراو، ڕۆبیان، بیرە و مەشروب.
-بەهۆی نەخۆشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سوڕێنچک (GERD)

 کەی پێویستە پزیشک ببینیت؟
لەکاتی توشبوون بە ڕەبۆی توند و کتوپڕ  کە بە بەخاخی تایبەتیش چاک نابێت پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ چارەسەرکردن.

 هۆکارەکانی توشبوون بە ڕەبۆ چین؟
ڕوون نییە بۆچی هەندێک کەس تووشی ڕەبۆ دەبن و هەندێکی تر تووشنابن، بەڵام دەکرێت بەهۆی تێکەڵبوونی فاکتەری ژینگەیی و بۆماوەییەوە بێت.

هەندێک لەو فاکتەرانەی ئەگەری توشبوونت بە ڕەبۆ زیاددەکەن:
-هەبوونی کەسێکی نزیک ڕەبۆی لەگەڵدا بێت، وەک دایک و باوک یان خوشک و برا
-هەبوونی حاڵەتێکی تری هەستیاری، وەک نەخۆشی پێستی ئیکزیما و سەدەفی، یان hay fever
-قەڵەوی و جگەرە کێشان
-بەرکەوتنی دووکەڵ و مادەی کیمیایی

ڕێنماییەکان بۆ کەسانی توشبوو بە ڕەبۆ
-ماڵەکەت و جێگای نوستنت زوو زوو خاوێن بکەوە لە تەپوتۆز و پیسی.
-لە وەرزی بوونی هەڵاڵە پەنجەرەکانت دابخە و خۆت بپارێزە
-هەوای سپلێت بەکاربهێنە بۆ نوێکردنەوە و شێدارکردنەوەی هەوای ماڵەکەت
-خۆت بەدوور بگرە لەو ئاژەڵانەی کەهەستیاریت بە توک و پەڕیان هەیە، یاخود هەر شتێکی دیکە کە هەستیاریت بۆ دروست دەکات.
-ماسک ببەستە لەکاتی سارمای زۆر و ناپاکی هەوا
-کێشت بە تەندروستی بهێڵەرەوە و وەرزشی گونجاو بکە بۆ بەهێزبوونی دڵ و سییەکانت.
-ئەگەر نەخۆشی گەدە و سورێنچکت هەیە چارەسەری بکە لای پزیشک
-ساڵانە خۆت بکوتە دژ بە influenza 
-دەرمانەکانت بۆ ڕەبۆ بەڕێکی بەکاربهێنە


PM:09:05:19/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 5404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل