‌ده‌رمانی سه‌كسێندرا یارمه‌تی دابه‌زاندنی كێش ده‌دات؟

وێستگە ستایل-

چەندیین چارەخواز بەتایبەت خانمان، پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا دەرمانی (Saxenda- سەکسێندا) ڕێگە پێدراوە بۆ بە مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش؟ دكتۆر زانا پسپۆڕی هەناو وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌م ده‌رمانه‌وه‌ پرسیاریان كردوه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" پێش وەڵامەکە، دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێکی زۆر گرنگ بدەم، زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم دەرمانەیان دەست کەوتووە بە داخەوە ڕاستەوخۆ و بێ ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆڕ و بێ چاودێریی پزیشکی تایبەتمەند بووە، لە دەرمانخانەکان بەدەستیان هێناوە کە ئەوە خۆی کارێکی قەدەغە و نازانستییە لە ڕووە پزیشکییەکەیەوە، جگە لە پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارە، هیچ کەسێکی تر سەڵاحییەتی ئەوەی نییە ئەو دەرمانە بدات بە داواکار، جگه‌ له‌وه‌ش دەرمانەکە چەندیین لێکەوتەی نەخوازراوی هەیە کە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بڕیار لە بەکارهێنان و وەستانی بدات."

سه‌باره‌ت به‌  وەڵامی پرسیارەکە دكتۆر زانا ده‌ڵێت" بەڵێ دەرمانی (سەکسێندا) ڕێگەپێدراوە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لەلایەن دامەزراوەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکیی (FDA) بۆ مەبەستی دابەزاندنی کێشی لەش. بەڵام لە کێ و چۆن؟!

یەکەم- هیچ کات ئەو دەرمانە ئەو کاریگەرییە ئیجابییەی نابێت ئەگەر لە پاڵ پارێزیی و وەرزش کردنێکی شیاوی زانستیی بەکارنەهێنرێت! واتە لە هەموو حاڵەتێکدا، کەم خواردن و وەرزش و جوڵەی زۆر، دەبێت بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو دەرمانە کاریگەر بێت، کاریگەریی ئەو دەرمانە بەستراوەتەوە بە پابەندبوون بە پارێز و وەرزش کردن.

دووەم- دەبێت کەسی بەکارھێنەر یەکەی بارستایی لەشیی (BMI) یان لە ٣٠ زیاتر بێت یانیش لە ٢٧ زیاتر بێت لە کاتێکدا کەسەکە بەرزە فشاری خوێن یان شەکرە یان چەوری خوێنی بەرز بێت.

سێیەم- چۆنیەتیی و چەندێتیی دەرمانەکە پێویستە پزیشکی پسپۆڕ دایبنێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی ڕۆژانە یەک ژەم لە جۆری دەرزیی ژێر پێست بەکاردێت، دەبێت سەرەتا بۆ ماوەی لایەنی کەم ١٢ بۆ ١٦ هەفتە بەکاربێت پاشان ئەگەر دەرمانەکە سەرکەوتوو نەبێت لە دابەزاندنی لایەنی کەم لە سەدا چوار بۆ سەدا پێنج (4% بۆ %5)ی کێشی تەواوی لەش، ئەوا پێویستە دەرمانەکە ڕابگیرێت.


PM:04:43:18/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌