‌هۆكار و چاره‌سه‌ری گرژبوونی بەئازاری ماسولکەکانی زێ

وێستگە ستایل-

بریتییە لە گرژبوونی لەناکاو و خۆنەویستی ماسولکەکانی ناوچەی زێی ئافرەت بەشێوەیەک کە ڕێگەنادەن بە تێپەربوونی هیچ شتێک، لەکاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی بە ئامێر یان چووک بێت، ئافرەتەکە توشی ناڕەحەتی و ئازار دەبێت. هۆکاری ئەم توندبوونەش دەگەرێتەوە بۆ بوونی ترسێکی زۆر لەلای تاک و ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات کە توشی ئەو گرژبوونە نەبێت، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" بەمهۆیەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ جوتبوون، پیاوەکە ناتوانێت چالاکییەکە بکات و ژنەکەش ناتوانێت خۆی خاوبکاتەوە و ڕێگەبدات. واتە ئافرەتەکە لە ترسدا پیاوەکە ڕەتناکاتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە ماسولکەکانی ناوچەی زێ گرژ و توند دەبن ئەو کارە ئەستەم دەبێت."

هۆکارەکان:
هۆکاری توشبوون زۆر و هەمەچەشنن، زۆرجار بەهۆی ترس لە ئەنجامدانی جوتبوون دەبێتە هۆی ئەم حاڵەتە، هەندێک لەو هۆکارانەی ئەگەری توشبوون بەم گرفتە زیاد دەکەن وەکو:
1- ترس لەوەی کە زێ بچوک بێت.
2- باوەڕە هەڵە کلتوری و نەریتییەکان سەبارەت بە کردەی سێکسی، وەکو شەرمکردن و بە هەڵەزانینی کاری جوتبوون!
3- بوونی ئەزمونێکی نەرێنی لە کاری جووتبوون یان پشکنینی زێ لە ڕێگەی ئامێرەوە.
4- بوونی نەخۆشییەکی تایبەتی لە ناوچەی زێ وەکو هەوکردن و وشکبوونەوە.
5- دەستدرێژی سێکسی لە ڕابوردوو.

چارەسەر:
یەکێک لە کێشە سێکسییەکانی هاوسەران کە چارەسەری هەیە ئەم نەخۆشییەیە، ئەویش سەرەتا لە ڕێگەی چارەسەرکردنی هۆکارەکانی توشبوون، بۆنمونە ئەگەر بەهۆی بوونی هەوکردنەوە بێت، سەرەتا هەوکردنەکە چارەسەر دەکرێت.
خۆ ئەگەر حاڵەتەکە پاش چارەسەری نەخۆشییەکە باشنەبوو، یان تەنها هۆکارەکەی دەروونی بێت، ئەوە سەرنج دەخرێتە سەر هەردوو لایەنی دڵەڕاوکێ و هەستەکان سەبارەت بە جووتبوون لەگەڵ ڕاهێنان بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان کە گرژدەبن هەتا ڕێگر نەبن لەکاتی جوتبووندا.
ئەمەش لەژێر چاودێری و ڕێنمایی پزیشکیدا دەبێت، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی چارەسەری دەروونی و فێرکردنی توشبوو بە ڕاهێنانەکانی خاوبوونەوەی ماسولکەکان.
چارەسەرەکە لەسەر بنەمای لەسەرخۆ و هێواش هێواش دەبێت، بە واتای کەمکردنەوەی ترس و گرژبوونەکانی، هەتا دەگاتە ئاستێکی تەواوەتی لە باشبوون و ترس و گرژبوونی زێ کەمدەبێتەوە و نامێنێت.


PM:07:09:27/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 5940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل