‌دوو پزیشكی پسپۆڕ له‌باره‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئۆمیکرۆن له‌ کوردستان ڕونكردنه‌وه‌ ده‌ده‌ن

وێستگە ستایل-


دوای سەرھەلدانی کۆرۆنای گۆراوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشوور، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە زۆربەی وولاتانی جیھان ، ھەربۆیە گەیشنی ئۆمیکرۆن بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەرانکراو بوو، له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌ردوو پزیشك دکتۆر عارف پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو و دکتۆر کامەران پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆڕی ھەوا چەند راستیەک دەربارەی ئۆمیکرۆن ده‌خەنە روو:

1-ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دەلتا بلاودەبێتەوە . ئەگەر سەیری بەشێک لە وولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا ژمارەی تووشبوان زۆر زیادیکردووە . بۆ نموونە لە ئەمریکا رۆژانە پتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ئۆمیکرۆن دەبن ، لە ھەندێک وولاتانی ئەوروپا رۆژانە پتر لە چارەگە ملیۆنێک کەس تووشی ڤایرسەکە دەبن .
2- لێکۆلینەوەکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئۆمیکرۆن وەک دەلتا کوشندە نیە . تووشبوان بە رێژەیکی زۆر کەمتر تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن . ھەرچەندە ژمارەی تووشبوان زۆرە ، بەلام رێژەیەکی کەم پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت . دەبێت ئەوەش بگوترێت لە ئەگەری تووشبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەلک لە ماوەیەکی کورتدا بۆی ھەیە ئەو رێژە کەمەی تووشبوان، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زیاتر بكات و کاریگەری خراپی لەسەر سیستەمی تەندرووستی ھەبێت، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە ھەندێک وولاتانی جیھان کۆمەلێک رێکاری نوێیان گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون.

3- نیشانە باوەکانی تووشبوانی ئۆمیکرۆن بریتیە لە ئاو لە لووت ھاتن ، پژمین ، سەرئێشە ، ئازارو سووتانەوەی قوڕگ ، ھەستکردن بە ماندوبوون . بە واتایەکی تر نیشانەکانی زۆر لە ھەلامەت دەچێت.

4-  دەرکەوتووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر بە ئۆمیکرۆن ھەندێک کەمترە بە بەراورد لەگەل جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا ، ھەربۆیە ئەگەری تووشبوون بە ئۆمیکرۆن زیاترە ، تەنانەت لەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە ، بە تایبەت دوای تێپەربوونی چەند مانگێک بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسین .  لەبەر ئەو ھۆیە زۆر لە وولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتنە پەلە بۆ پێدانی بڕە ژەمی سێیەمی ڤاکسین .

5- زۆربەی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت لە نێوان ئەو کەسانەیە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، یاخوود ماوەیەکی زۆر بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینیان تێپەریوە. لە راستیدا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی پێویستی بوون بە نەخۆشخانە بە ھۆی ئۆمیکرۆن بە رێژەی ٩٠٪‏ کەمدەبێتەوە.  دەبێت ئەوەش بگوترێت مردن بە ھۆی ئۆمیکرۆن تەنانەت لەنێوان ئەو کەسانەی، کە ڤاکسینیشان وەرگرتووە ھەرچەندە کەمە ، بەلام بوونی ھەیە . 

6- مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زیاتر لە نێوان کەسانی بە تەمەندایە یان ھەلگری ھەندێک نەخۆشی دەێژخایەنن ، ھەر بۆیە دەبێت پەلە بکرێت بۆ پێدانی برە ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە تایبەت بۆ کەسانی بە تەمەن.

7- لەزۆربەی حالەتەکان تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە نێوان ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە بە سووکی دەبێت . دەبێت ئەوەش بگووترێت تەنانەت ئەو کەسانەی سێ ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆی ھەیە تووشی ئۆمیکرۆن ببن ، بەلام یان ھیچ نیشانەیەکیان لێدەرناکەوێت ، یاخود زۆر بە سووکی بە چەند رۆژێکی کەم پەتاکە تێدەپەڕێنن.

8- لە یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی بەریتانیا ، کە خۆم کاری تیادا دەکەم و رەنگ بێت وەک رەنگدانەوەیەک بێت بۆ دۆخی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەوروپا ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو نەخۆشانەی، کە بە ھۆکاری تر جگە لە کۆرۆنا پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە، لە کاتی پشکنیندا دەردەکەوێت، کە ھەلگری ڤایرۆسی کۆرۆنانەو ھیچ نیشانەیەکیان نیە، بە واتایەکی تر بە رێکەوت دەردەکەوێت تووشی ئۆمیکرۆن بوونە. !.

9-دوای زیاتر لە سالێک لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا تاکوو ئێستا ھەموو لێکۆلینەوەکان دەریانخستووە، کە ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی مردن، تەنانەت بەرامبەر جۆری ئۆمیکرۆنیش . دوای زیاتر لە سالێک و بەکارھێنانی نزیكەی ٩ بلیۆن بڕە ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جێھان دەرکەوت، کە ڤاکسینەکان بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتن . 

10- ھیوادارم ئەو کەسانەی تا ھەنووکە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە نزیکترین دەرفەت ھەوڵبدەن ڤاکسین وەرگرن . ئەو کەسانەی بە تەمەنن و لەسەرووی شەست ساڵین وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەرگرن، بە تایبەتی ئەگەر شەش مانگ بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسینەكە تێپەڕیبێت . بە ھەمان شێوە ھەموو ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندرووستی،  کە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەل کۆرۆنا ھەیە یان ئەو کەسانەی ھەندێک نەخۆشیان ھەیە دەبێت ژەمی سێیەم وەرگرن.



PM:12:02:15/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌