‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری توشبوون به‌ ئاوبەندی سەر

وێستگە ستایل-

 
لەکاسەی سەری هەموومان شلەیەک دروست دەکرێت و هەڵدەمژرێت کەیارمەتی خانەکانی مێشک دەدات بۆ وەرگرتنی خواردن و هەروەها تاڕادەیەک پاراستنی مێشک لەبەرکەوتنی لەپڕ، ڕۆژانە نزیکەی نیو لیتر لەو شلەیە دروستدەکرێت و هەڵدەمژرێتەوە. لەناو مێشکماندا جۆگە هەیە بۆئەم ئاوە کە پیایدا ده‌گوزەرێت، هەندێک جار بە هەرهۆیەک بێت، دەگیرێت کە دەبێتە هۆی کۆبونەوەی ئاوەکەو فشار خستنە سەر مێشکمان، دكتۆر ئامانج پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و بڕبڕەکان له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

هۆکارەکانی دروستبوونی زۆرن: هەوکردنی پەردەکانی مێشک، خوێن بەربوونی ناومێشک، گرێی مێشک، یان هەرشتێک ببێتە هۆی داخستنی جۆگەکانی ئاوی مێشک.

دەکرێت بەچەند جۆرێکەوە وەک:
1-ئاوبەندی لەپڕ. 
2- ئاوبەندی درێژخایەن 

یان بەشێوەیەکی تر دەکرێت بەدوو جۆرەوە:
1- ئاوبەندی داخراو کە زۆربەی کات بەهۆی گرێوە دروست دەبێت لەنزیک مێشکۆکەوە.
2- ئاوبەندی کراوە کە زۆربەی کات بەهۆی هەوکردن یان خوێن بەربوونی ناومێشک ڕوودەدات.

نیشانەکانی:
جیادەکرێتەوە بەپێی تەمەن ئەگەر لەمناڵدا بوو(خوارساڵ و نیو) نیشانەکان بریتین لە گەورەبوونی سەر و تێکچونی شێوەی چاو(نەخۆشەکە ناتوانێت سەیری سەرەوە بکات) هەروەها مەڵاشوی پڕدەبێتەوە، لەگەڵ هەندێک نیشانە کە تایبەت نین بەم نەخۆشیەوە بەڵکو بەگشتی لەزۆر نەخۆشی دەردەکەوێت وەک کەمی گەشەو کەمی خواردن. 

چارەسەری نەخۆشیەکە بەنەشتەرگەری دەبێت ئەویش دوو جۆرە:
1- دانانی سۆندە لەسەری نەخۆشیەکەوە بۆناو بۆشایی سکی یان سۆندەکە لەدەرەوە دادەنرێت لەکاتێکدا ئەگەر هەوکردن یان خوێن بەربوون هەبێت.
2- کردنەوەی گیراوی جۆگەکان بەهۆی ناوبینەوە (نازوور). 
هەردوو جۆرەکە وەک هەموو نەشتەرگەریەک باشی وخراپی خۆی هەیە بەڵام بێگومان ژیانی نەخۆشەکە ڕزگاردەکرێت بەم نەشتەرگەریە.


PM:05:22:04/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 4496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌