‌مستەفا ئەحمەد: چیرۆكی ژیانی‌ و هەواڵی مردنی بۆ " وێستگە نیوز" باس دەكات

وێستگە ستایل-

وێستگه‌ ستایل- مەزهەر كەریم

هونەرمەند مستەفا ئەحمەد، كە نیو سەدە زیاتر دەبێت سەرقاڵی كاری هونەریە لەم گفتوگۆیەی بۆ "وێستگە نیوز" دەڵێت بەردەوام دەبم لەكاری هونەری و تەندروستیم جێگیرە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆر دەترسم‌و زۆربەی كاتەكان بەبەردەوامی لەماڵەوە دەمێنمەوەو ناچمە هیچ جێگەیە.

وێستگە نیوز: تۆش ئەڵێیت پیری هەزار عەیبە؟
مستەفا ئەحمەد: بەنیسبەت من‌ و پیریەوە بەڵێ‌ هەزار عەیبە، دایكم بەڕەحمەت بێت، هەموو جارێك دەیوت خۆزگە لەدونیادا پیری نەبوایە، بەڵام مرۆڤیش دەبێت واقعی بێت هەر ئەو ڕۆژەی هاتینە دونیاوە بیتاقەی مردنەكەش وەردەگریت، پیریش خۆشی خۆی هەیە، سەردەمی منداڵی‌و گەنجێتی‌و هەرزەكاری‌و بەرپرسیارێتی ژیانی خێزانی‌و دواتر پیری دێت، خۆ ئەگەر كەسانی باش بەچواردەورتەوەبن‌و خزمەتت بكەن پیریەكەش هەرناخۆش نیە، چونكە ژیانێكی بێ‌ هیلاكی‌و بێ عەزیەت‌و ماندوبون بەسەردەبەیت.

وێستگە نیوز: كاتێك گەنجێتی خۆتت لەسەر ستەیج دەبینیتەوە، پێتوایە تەمەن كاریگەری چی لەسەر هونەرەكەت دروستكردووە؟
مستەفا ئەحمەد: بەنیسبەت هونەرەكەمەوە، دەتوانم بڵێم ئه‌زمونی پێبەخشیوم ئەو ساڵانەی گەنج بووم‌و لەسەر ستەیج بوم‌و كارم كردوە، بۆ نمونە من لەگەنجێتیدا هەندێك كاری هونەریم كردبێت، ئەگەر ئێستا ئەو كارانە بكەم بەو شێوەی ئەوسا نابێت، كاری هونەری‌و چەندین كاریی دیكەش هەتا خاوەنەكەی بچێتە تەمەنەوە شتی زیاتر فێر دەبێت، واتا منیش لەئێستادا و بەو تەمەنەوە، شتی زیاتر فێر بووم.

قد تكون صورة لـ ‏‏‏شخص واحد‏، ‏ملابس خارجية‏‏ و‏زهرة‏‏

وێستگە نیوز: بۆچی لەئێستا ئەوەندە هەواڵی مردنت بڵاو دەبێتەوە هەواڵی چالاكییەكانت بڵاونابێتەوە؟
مستەفا ئەحمەد: لەئێستادا تەندروستیم جێگیرە، هەواڵی مردنم مەسەلەی غیرەش لە ئارادایەو هەندێك جاریش دەچێتە قاڵبی دڵسۆزیەوە، یەكێك لەو جارانەی هەواڵی مردنم بڵاو بوەوە، لەسایت‌و پەیجەكاندا، یەكێك لەهاوڕێكانم بەناوی عەبدوڵا خۆی‌و ماڵ‌و منداڵی لەقەڵادزێوە هاتبون بۆ پرسەی من، لەنزیك پیرەمەگرون تەلەفون دەكات بۆ ئەحمەد جۆلا، دەڵێت ئەوە پرسەی مستەفا ئەحمەد لەچی مزگەوتێكە، ئەویش دەڵێت بگەڕێرەوە بەوخوایە زیندوەو هیچ كێشەیەكیشی نیە.

وێستگە نیوز: زۆرتر بیری كام لەم بەرنامانە دەكەیت، كەشكۆڵ، بەرنامەی بەرنامە؟
مستەفا ئەحمەد: هەموو چیرۆكی ئەو بەرنامانەی من كارم تێدا كردوە بەوردی بیرم لێكردۆتەوە ئەوكات كارم تێدا كردوە، ئەو بەرنامانەو بەرهەمانە پارچەیەكن لەجگەرم، وەك منداڵەكانم وان هەموویانم خۆش دەوێت چی كەشكۆڵ چی بەرنامە بەرنامە، بۆنمونە خۆشترین‌و باشترین بەرهەم من كارم تێدا كردبێت لەسەر شانۆ، شانۆی گوڵەمێخەك بوو كەلەدوایی ڕاپەرین پێشكەشمان كرد، كە ئەو كارەم لەلا زۆر خۆشەویستە.

وێستگە نیوز: ئەكتەرو هونەرمەندان لەسەرەتای نەوەتەكانەوە ڕەخنەگرێكی زۆر باش بوون، لەئەدای خراپی حزبەكان، بەڵام دواتر سەنگەرگۆڕین‌و حزبایەتی بەهاو نرخی كەمكردنەوە، ئەوە ڕاستە؟ 
مستەفا ئەحمەد: بەڕاستی‌و بەجورئەتەوە  قسەبكەین حزبایەتی، بۆ میللەتی كورد لە ڤایرۆسی كرۆنایە خراپتر بوە، چونكە هەر خەریكی خۆیان بوو، بەنمونە حزب هەبوە هەموو شتێكی ئەم كوردستانەی بۆ حزبەكەی خۆی ویستوە، ئەمجا لەناو حزبەكەیدا بنەماڵەیەك یان دوو بنەماڵە دەبێت كولفی كول بن، ئەمە لەڤایرۆس‌و شێرپەنجە زۆر زۆر خراپ تربوو، ئەمجا هەمو شتەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردبوو، هەربەهونەرمەندان‌و ئەدیبان‌و شاعیران، بەڵام هونەرمەندی ڕەسەنیشمان هەر هەبوەو ڕەخنەی خۆیان گرتوەو كاری خۆیان دەكەن.

وێستگە نیوز: ئێستادا پێتوایە نواندن كاریگەریی لەسەر گەندەڵی‌و خراپبەكارهێنانی دەسەڵات مابێت؟.
مستەفا ئەحمەد: بەڵی ئەو كارانەی لەساڵانی ڕابردوودا هەبوون كاریگەریان لەسەر دەسەڵات هەبوە، زۆربەی ئەو سەركردانانەی، كەوا ئێستا لەو حزبانەی كوردستان‌و ماون‌و نەماون موتابەعەی ئەو بەرنامانەی ئێمەیان دەكرد، بۆ ئەوەی بزانن چی تێدایە لەسەر ئەوان چیان پێدەڵێین چی شتێك ئەوان دەگرێتەوە، بەڵام لەئێستادا پێموانیە بەو شێوەی ئەوسا كاریگەری نەمابێت.

قد تكون صورة لـ ‏شخص واحد‏

وێستگە نیوز: تۆ سەرو ڕیشت لەسەر ستەیج سپی كردوون، شتێك هەیە زۆر دڵخۆشت بكات؟
مستەفا ئەحمەد: دڵخۆشیەكە ئەوەیە ئەو كارانەی ئێمە لەسەردەمێكدا كردومانە، لەماوەی شەست ساڵی كاركردنمدا ، بەناو ئەو هەموو سوڵتەو دەسەڵاتە خراپانەدا تێپەرمان كرد، هیچ كاتێك كارەكانمان بۆ ئەوان نەبوە، هەموو كاتێك كارەكانمان داكۆكی كردن بوە لەمافی ڕەوای میللەتی كورد، لەسەر ئەو زوڵم‌و زۆرەی لێیكراوە بێدەنگ نەبوین.

وێستگە نیوز: كەس لەخێزانەكەت ڕێبازە هونەرییەكەی تۆی هەڵبژاردوە؟
مستەفا ئەحمەد: بەڕاستی منداڵەكانم ئارەزووی كاری هونەریان دەكرد، چونكە هەرلەمنداڵیەوە جاروبار، لەگەڵ خۆم بەشداریم پێدەكردن لەشانۆگەری‌و كارەهونەریەكاندا، لەم كۆتایانەدا یەكێك لەكوڕەكانم بەناوی هەڵۆ لەتەمەنی چل ساڵیدا لەبەشی هونەر دەخوێنێت لەزانكۆی سلێمانی، لەزۆر كاریشدا بەشداریان كردوە لەگەڵمدا.

وێستگە نیوز: بەرنامەت هەیە لەدراماو  فیلمی نوێ دەربكەویتەوە؟
مستەفا ئەحمەد: هەتا دوا هەناسە بەردەوام دەبم تا بۆم بكرێت درێخی ناكەم هەوڵ دەدەم ، ماوەی دە ساڵش زیاترە بەبەردەوامی لەڕادیۆی نەوا  بەرنامەیەكم پێشكەش دەكرد لەئێستادا وازم هێناوە، لەبەرنامەی مقۆمقۆ شدا بەشداربوم،  كە لەكەناڵی سپێدە پەخش دەكرێت، ئێستاش بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەماڵەوەم ناوێرم زۆر بچمە دەرەوە.

وێستگە نیوز، تائێستا لەهیچ كارێكت پەشیمانیت؟
مستەفا ئەحمەد: لەهیچ كارێكم پەیمان نیم، چونكە كارێكی وەهام نەكردوە زەرەری بۆ میللەتەم هەبێت، بەڵام كارمان هەبوە  زۆر بەهێز نەبوە لەچاو كاری دیكەدا، دەبێت لەوە پەشیمان بووبم.

قد تكون صورة لـ ‏شخص واحد‏

وێستگە نیوز: لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەترسی؟
مستەفا ئەحمەد: بەهیچ شێوەیەك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ناترسم، ئەوە ژیانە مرۆڤ، هەموو ڕۆژێك لەشی ساخ نابێت هەموو ڕۆژێك دەوڵمەند نابێت هەموو ڕۆژێك هەژار نابێت، ژیان ئەم شتانەی تێدەكەوێت.

وێستگە نیوز: ئامادەی جارێكی دیكە لەگەڵ هاوڕێ كۆنەكانت بەرنامەی بەرنامە دەستپێبكەنەوە؟ 
مستەفا ئەحمەد: كاتی خۆی من یەك قسەم كرد وتم كوڕینە كەبەرنامەی بەرنامە داخراو بڵاوەمان لێكرد هیچ هێزێك نیە كۆمان بكاتەوە، بۆیە دەست پێناكەین و ئەو قۆناغە بەسەرچوو نایەتەوە.


PM:08:59:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل