‌"بە بۆن کەوتن" و "ناوک کەوتن" تا چه‌ند ڕاستن؟

وێستگە ستایل-

لەوەتەی‌ چاومان کردووەتەوە گوێبیستی‌ "بەبۆن کەوتن"ی‌ منداڵان و "ناوک کەوتن"ی‌ گەوران دەبین. ئەوانە شتانێکن زۆربەی‌ خەڵکی‌ باوەڕیان پێیان هەیە و بەردەوام چیرۆکی‌ ئەوە دەگێڕنەوە کە فڵان کەس تووشی ئەو حاڵەتە بووە، حاڵی‌ حاڵ نەبووە، تا ئەوەی‌ فیسار بەهانایەوە هاتووە و رزگاری‌ کردووە.

زۆر جار بینیومانە کە باسی ئەو شتانە کراوە لای‌ پزیشکان، ئەوان گاڵتەیان پێهاتووە و وتوویانە "شتی‌ وا لە پزیشکیدا نییە، بۆیە ئەسڵ و ئەساسی نییە!".

کامیان راست دەکەن؟ دكتۆر زانا  پسپۆڕی‌ نەخۆشییەکانی هەناو له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ك پزیشكێك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

دكتۆر زانا ده‌ڵێت" ئەوە نییە ئەو دوو مەسەلەیە تەنها لە کوردەواریدا هەبن، بەڵکو لەناو نەتەوەکانی‌ دەوروبەریشماندا هەن، هەرچی لەناو گەلانی‌ پێشکەوتووشدایە، ئەگەر ئەو دوو باوەڕەش نەبن، ئەوە شتی وایان لا هەیە، ئەمانە بەچاویانەوە هەر هیچ نین!"

ئەوەی‌ کە پزیشکان دەیڵێن، لەوەدا ڕاست دەکەن کە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی‌ زانستی‌ نییە ئەوانە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە شتی‌ وا بوونی‌ نییە؟!

ئایا هەر شتێک زانستی‌ پزیشکی پێی‌ نەگەیشتبێت، مانای‌ وایە نییە و ڕۆژێک نایات ئەو زانستە پێی‌ بگات؟!
ئەوەی‌ لە دوورەوە دەڕوانێت، ڕەنگە جیاواز بیبینێت، بەڵام ئەوەی‌ لەناویدایە و ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵدا هەیە، دەزانێت و دەیبینێت کە زانستی‌ پزیشکی‌ بە بەراورد بە زانستەکانی‌ تر زۆر لەدواوەیە، ڕەنگە بتوانرێت بوترێت لە دوای‌ دواوەی‌ هەموویانەوەیە! ئەمە ڕەنگە قسەیەکی‌ گەورە بێت، بەڵام لای‌ کەسێک کە بزانێت تا ئێستاش ناتوانرێت تەنانەت لە گەورەترین سەنتەری پزیشکیدا دەستنیشانی‌ هۆی‌ 90-95%ی‌ حاڵەتەکانی‌ بەرزە پەستانی‌ خوێن بکرێت، شتێکی‌ ئاساییە. یان ئاگای‌ لەوە بێت کە ئەو کاتەی‌ مرۆڤایەتی‌ گەیشتە سەر مانگ، هێشتا نەگەیشتبووە ئەوەی‌ بتوانێت حەبێک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری‌ هەمان نەخۆشی!

لەمەوە، زانستی‌ پزیشکی‌ زۆر لەسەرخۆیە لە پێشکەوتن و پەی بردن بە هۆ و چارەی‌ ئەو نەخۆشییانەی‌ ڕووبەڕووی‌ دەبنەوە. ئەمەش شتێکی‌ ئاساییە، هۆی‌ سەرەکی ئەوەیە کە کەرستەی‌ بەر دەستی‌ زانستی پزیشکی‌، مرۆڤە، بۆیە ناتوانێت وەک زانستەکانی‌ ئەندازیاری‌ و ڕووەکناسی و ئاژەڵزانی‌ و ... هتد وەک ئەوەی‌ دەیەوێت لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات و زوو بگات بە ئەنجام. بۆیە ئەوەی‌ بوترێت "هەر شتێک زانستی‌ پزیشکی‌ دانی‌ پێدا نەنێت، نییە"، ئەوەندەی‌ لە نەزانینەوە سەرچاوە دەگرێت، لە زانینەوە نایگرێت.

لە پزیشکیدا گوزارەیەک هەیە بە ناوی‌ Medically unexplained symptoms کە بە کوردییەکەی‌ دەبێتە "ئەو نیشانانەی‌ نەخۆشی کە لە ڕووی‌ پزیشکییەوە ڕاڤە ناکرێن"، لە پێگەی‌ NHS کە پێگەیەکی‌ خاوەن ئیعتیباری پزیشکیی بەریتانییە، لەو بارەیەوە نووسراوە: "زۆر نەخۆش هەن تووشی نیشانەی‌ نەخۆشیی وا دەبن، وەک ژان و سەرگێژ خواردن، کە بۆ ماوەی‌ چەند هەفتەیەک درێژە دەکێشن، بەڵام پزیشکان دەستەوسان دەبن لەوەی‌ هۆکەی‌ بدۆزنەوە، بەڵام دەبێت بزانرێت کە ئەمە مانای‌ ئەوە نییە نەخۆشەکە ئەو حاڵەتەی‌ نییە یان شتێکە لە مێشکی‌ بۆ خۆی‌ دروست کردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕاستن و کاریگەری‌ دەخەنە سەر ئیشوکاری ڕۆژانەیان، بەهۆی‌ ئەوەش کە حاڵەتەکەیان، هۆکەی‌ نادۆزرێتەوە، ئەوەندەی‌ تر تووشی دڵەڕاوکێیان دەکات و وایان لێدەکات لەگەڵی هەڵنەکەن".

بۆیە دەکرێت بوترێت رای‌ لۆژیکی‌، هەر هیچ نەبێت بە ڕای‌ بەندە، ئەوەیە بوترێت "مادام هەزاران ساڵە و هەزاران کەسیش دەڵێن بە بۆن کەوتن و ناوک کەوتن هەن، دەشێت هەبن، بەڵام تا ئێستا زانستی‌ پزیشکی‌ پێیان نەگەیشتووە، بۆیە لە حاڵەتی‌ وادا دەکرێت سوود لە خەڵکانی‌ شارەزا لەو بوارانە وەربگیرێت نەک پزیشکان، چونکە پزیشکی‌ زیرەک و زرینگ، ڕێ بە خۆی‌ نادات چارەسەری‌ حاڵەتێک بکات، کە زانستی‌ پزیشکی‌ نەیدۆزیبێتەوە و ڕێوشوێنەکانی‌ چارەسەری‌ بۆ دانەنابێت".


PM:12:13:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل