‌چۆنیه‌تی پێوانی په‌ستانی خوێن به‌شێوه‌یه‌كی دروست

وێستگە ستایل-

پەستانی خوێن ئەو فشارەیە خوێن دەیخاتە سەر بۆری خوێنبەرەکان، یەکێکە لە نیشانە زیندەگیە گرنگەکانی مرۆڤ، بۆیە پێویستە لەکاتی پێوانی فشاری خوێن، دڵنیا بین لەوەی پێوانەکە دروستە، دكتۆر هێرش پزیشكی پایەبڵندی نەخۆشییەکانی هەناو له‌م بابه‌ته‌دا چەند هۆکارێک پێویست ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێویسته‌  بەهەند وەربگیررێن لەکاتی پێوانی فشاری خوێن:

1-  قەبارەی کەفی ئامێرەکە(حجم الکفه‌) هەڵە بێت، گەر قەبارەی بچوک بێت، ئەوا دەبێتە هۆی زیاد خوێندنەوە، قەبارەی گەورە دەبێتە هۆی کەم خوێندنەوە، بۆیە پێویستە قەبارەکەی گونجاو بێت بەپێی کەسەکە.

2- پێویستە قۆڵ(باسک) بە ئاسۆیی لە ئاستی دڵ ڕا گیرابێت، داگرتنی باسک له خواروی ئاستی دڵ دەبێتە هۆی زیاد خوێندنەوە، بەرزکردنەوەی باسک بۆ سەروی ئاستی دڵ دەبێتە هۆی کەم خوێندنەوە.

3- شێوازی دانیشتن شێوازی ستاندارده بۆ پێوانی فشاری خوێن.

4-  باسک پێویستە هاوکاری کرابێ (جێگیر کرابێت) لەسەر تەنێک وەکو مێز، گەر باسک جێگیر نەکرابێت ئەوا دەبێتە بەرز خوێندنەوەی ژمارەکەی ژێرەوە. 

5-  پێش پێوانی فشاری خوێن وا پێویستە مادەی کافاینت نەخواردبێ وەکو( چایە و قاوە)، پێویستە چالاکی جەستەییت ئەنجام نەدابێ، وا دروستە چارەگێک پشوو بدەی دواتر فشاری خوێن بپێورێ، تاکو لە ڕووی جەستەی و دەرونیش ئارام بیت.

6- وا دروستە جل و بەرگێک لەبەرنەکرابێ کە لە شوێنێ پێوانەکە توند بێ، وە دروستە لەکاتی پێوانەکردنەکە قسەنەکرێت.

بۆ دەست نیشاکردنی بەرزی فشاری خوێن، پێویستە فشاری خوێن له هەردوو باسک پێوانە بکرێت و ئه‌گەر جیاوازی فشاری خوێن لە نێوان هەردوو باسک زیاتر بوو لە ٢٠ ملم مێرکوری، ئەوا پێویستە پێوانەکردنە دووبارە بکرێتەوە، گەر لەکاتی دووباره پێوانەکردن جیاوازیەکە هەر زیاتر بوو لە ٢٠ ملم مێرکوری، ئەوا ژمارە بەرزەکە هەژماردەکرێت.

چەند رێگەیەک هەیە بۆ دەست نیشانکردنی بەرزی فشاری خوێن( ١/پێوانەکردن لە کلینیکی پزیشک، ٢/ پێوانەکردن له ڕێگەی ئامێرێک کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەنرێ لە باسک، ٣/پێوانەکردنی فشاری خوێن لە هەردوو باسک لە بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی ٧ رۆژ دواتر تێکڕای رۆژەکان وەردەگیردرێت)، رێگای دووەم و سێهەم دروستتر و زانستی ترە.
زۆر گرنگە دەرمانەکانی چارەسەری بەرزی فشاری خوێن زۆر بە دروستی بەکاربهێنرێ، چونکە بەرزی فشاری خوێن لە هۆکارە سەرەکیەکانی جەڵتەی دڵ و مێشکن!.


PM:03:06:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌