‌نەشتەگەری مێشک بە ئاگاداری نەخۆش ده‌كرێت؟

وێستگە ستایل-

نەشتەگەری لەکاتێکدا ھۆشت لەدەستنەداوە و بە ئاگایت مەترسی زیانگەیاندن بەناوچە گرنگەکانی مێشک کەمدەکاتەوە کە کۆنترۆڵی مێشک و تواناکانی دیکەی مێشک دەکەن. 

نەشتەگەری مێشک بەئاگاداری نەخۆش پێناسە دەکرێت بە پرۆسەی نەشتەگەری ناو کاسەی سەر (مێشک ) کە نەخۆش بەئاگادەھێنرێتەوە بۆ بەشێک لە نەشتەگەرییەکە ، کە ئەمە زۆربەی کات بۆ نەخشەکێشانی فەرمانەکانی مێشک و لەکاتی بڕینی لوی مێشک یاخود بۆ ھەموو کاتی نەشتەگەرییەکە نەخۆش بە ئاگا دەبێت، دكتۆر سه‌ڵاح  پزیشكی نەشتەرگەری و مێشك و دەمار  له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ی‌ نه‌شته‌رگه‌ری زیاتر ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

مەبەست لە ئەنجامدانی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه‌:
بەشێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ نەخشەکێشان و بڕینی لووی شێرپەنجەیی ئەو ناوچانەی مێشک کە ھەستیارن وە دەستنیشانکردنی شوێنەکەی لەڕێگای وێنەی تیشکیەوە ئاسان نیە ، ئەگەر گرێیەک یان بەشێکی مێشک ببێتە ھۆی نۆرەفێ ( گەشکە ) و پێویستی بە نەشتەگەری لابردن ھەبێت پزیشکەکان پێویستە دڵنیابن کە زیان بە ناوچەیەکی مێشک نەگەیەنن کە کاردەکاتە سەر زمان و ئاخاوتن و توانایی جوڵە .

لەبەرئەوە پێویست دەکات نەخۆشەکە بەئاگابێت لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەگەریەکە . لەوانەیە پزیشکی نەشتەگەر پرسیارت لێبکات و چاودێری چالاکی مێشکت بکات لەڕێگەی وەڵامدانەوەکانتەوە . 

وەڵامدانەوەی نه‌خۆش یارمەتی پزیشک دەدات بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە نەشتەگەرییەکە بە باشی دەڕوات لەو ناوچەیەی مێشک کە پێویستی بە نەشتەگەریەکە ھەیە .

 تەکنیکی بەنجکردن : 
لە ئێستادا چەندین تەکنیک لەکرداری کلینیکیدا بەکاردەھێنرێت . بەشێوەیەکی سەرەکی دابەشکراوە بۆ دوو گروپ  
یەکەم :- 
(خەوتوو- بەخەبەر - خەوتوو ) لەوانەیە نەخۆشەکە بەنجی گشتی بکرێت بۆ نەشتەگەری کاسەی سەر و داخستنی بەڵام بە ئاگادەھێنرێتەوە لەکاتی نەخشەکێشانی فەرمانەکانی مێشک و لێکجیاکردنەوە و لابردنی لووەکە. 

دووەم:- 
( بەخەبەر - بەخەبەر - بەخەبەر ) نەخۆشكە بە ئاگا دەبێت تەنھا ھەندێک ھێورکەرەوەی پێدەدرێت . 

چۆنیەتی ئەنجامدانی : 
سەرەتا دکتۆرەکان دیاریدەکەن ئەگەر نەشتەگەری مێشک بەئاگاداری نەخۆش ھەڵبژاردنێکی دروستبێت بۆ نەخۆشەکە . پزیشکەکان ھەروەھا ڕونی دەکەنەوە لەکاتی پرۆسەکە پێشبینی چی دەکرێت و سود و مەترسیەکانی نەشتەگەری مێشک بەئاگاداری نەخۆش چی دەبێت . 

لەکاتی نەشتەگەری : 
پزیشکی بێھۆشکەر ھەندێک دەرمانت پێدەدات بۆئەوەی خەواڵووت بکات بۆ ئەوبەشانەی نەشتەگەری مێشکی بەخەبەر . پزیشکی نەشتەگەر دەرمانی سڕکردن لە پێستی سەر دەدات بۆئەوەی دڵنیابێت کە ئازارت نابێت .

لەکاتی نەشتەگەریدا پزیشکەکان سەری نەخۆش لەسەر شوێنی جێگیر دادەنێن بۆئەوەی دڵنیابن لەدروستی نەشتەگەرییەکە .پزیشکی نەشتەگەر پاشان بەشێکی کاسەی سەر لادەبات تابگاتە دەماخ. 

لەوانەیە بەنج و خەواڵووبیت لە کاتێکدا بەشێک لەکاسەی سەرت لادەبرێت لەسەرەتای نەشتەگەرییەکە ھەروەھا لەکاتی لکاندنەوەی ئەو بەشەی کاسەی سەر لەکۆتایی نەشتەگەرییەکە . 

لەکاتی نەشتەگەریدا پزیشکی سڕکەر ھیچ دەرمانێکی ھێورکەرەوەت پێنادات تاوەکو ڕێگابدات بە ئاگا بێیتەوە. 

لەدوای نەشتەگەری :
لەوانەیە نەخۆشەکە بۆماوەیەک لەچاودێری چڕ بمێنێتەوە لەدوای نەشتەگەرییەکە .

ئەنجام:
ئەگەر نەشتەگەری مێشکی بەخەبەر بۆ چارەسەری نەخۆشی نۆرەفێ (گەشکە) بوو ئەوا ھەندێ خەڵک بێنیشانەی فێ لێھاتن دەبن لەکاتێکدا ھەندێکی تر کەمتر توشی فێ دەبن بەراورد بە پێش نەشتەگەری جاروبار ھەندێ خەڵکیش ھیچ گۆڕانکارییەک لەژمارەی دووبارە بوونەوەی فێ ڕونادات . 

ئەگەر نەشتەگەری مێشکی بەخەبەر بۆ لابردنی لوویەک . بەشێوەیەکی گشتی ئەگەری ھەیە پزیشکی نەشتەگەر بتوانێت زۆربەی لووەکە (گرێ ) لابدات . لەوانەیە ھەندێک جار پێویستت بەچارەسەری تر ھەبێت وەک چارەسەری تیشک یان چارەسەری کیمیایی بۆ یارمەتیدان بۆ لەناوبردنی بەشی پاشماوەی گرێیەکە. 

سوودەکانی بۆ نەخۆش:
1- ئامانج لێی بریتیە لە لابردنی زۆرترین بەشی گرێکە لەکاتێکدا پارێزگاری لەکاری دەمارەکان و مێشک بکات . 
نەشتەگەرەکان دەتوانن بەشێوەیەکی کارا نەخشە بۆ ئەو بەشە دیاریکراوەی مێشک بکێشن کە گرێیەکەی تێدایە.
2- دەتوانرێت نەخشەکێشانی مێشک بەشێوەیەکی دروستتر وێنابکرێت و نەخۆشەکان بەشێوەیەکی فراوانتر بڕینی لووەکەیان بۆ دەکرێت بەمەش پێویستی بەیەکەی چاودێری چڕ پاش نەشتەگەری کەمدەکاتەوە ھەروەھا تێچوویەکی کەمتری دەبێت . 
3- ڕێژەی زیان بەشێوەیەکی گشتی کەمترە لەچاو نەشتەگەریەکدا کە نەخۆش بەخەبەر نەبێت . 
4- ناتەواوی دەمار کەمتر (٪‏٧ بۆ ٪‏٢٣ ) 
5- مانەوەی کەمتر لە نەخۆشخانە ( ٢ بۆ ٩ ڕۆژ ) 
6-مانەوەی ژیانی زیاتر 
7-کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ ناوچەگرنگەکانی مێشک 
8-وەڵامدانەوەی نەخۆش لەکاتی نەشتەگەری بەتەواوەتی دەریدەخات کام بەشەی گرێی مێشک کۆنتڕۆڵی قسەکردن و تێگەیشتن و تواناکانی دیکەی مێشک دەکات .
9-تیمی چاودێری و نەخۆشەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون وە کەمکردنەوەی ئەگەری زیان گەیشتن بەو فەرمانانەی کەزۆر گرنگن بۆ نەخۆش لەژیانی ڕۆژانەیدا . 
10- یارمەتی پزیشکەکان دەدات بۆ لابردنی زۆرترین بڕی گرێیەکە . 
11-گرێی زیاتر دەتوانرێت لاببرێت ئەگەر نەشتەگەر دڵنیابێت کە کارەگرنگەکانی مێشک بەسەلامەتی دەمێنێتەوە بە درێژایی نەشتەگەرییەکە . 
12-ھەندێک لەو لووانەی (گرێیانەی ) کە پێشتر وا دا ئەنرا نەشتەگەری بۆناکرێت وە ڕێژەی مەترسی زۆربوو ئێستا دەتوانرێت نەشتەگەری بۆ بکرێت وە مەترسی کەمترە. 
13-یارمەتی نەخۆشەکان دەدات کە چێژ لە کوالێتیەکی بەرزی ژیان وەرگرن 
14-لابردنی گرێی زیاتر بەسەلامەتی دەرەنجامەکان و کوالێتی ژیان باشتر دەکات 
15-داتاکان دەریدەخەن کە نەشتەگەری مێشک بە ئاگاداری نەخۆش چارەسەری نەشتەگەری دەماری لە وڵاتە ھەژارەکاندا بەرەو پێشببات . 
16-نەشتەگەری مێشکی بەئاگا یارمەتی دەدات لە بەسەلامەتی کەمکردنەوەی قەبارەی گەورەبوونی گرێی مێشک کە ڕەنگە تەمەن درێژبکات و گەشە بەکوالێتی ژیان دەدات . 

مەترسییەکانی:- 
وەک ھەر نەشتەگەرییەکی مێشک نەشتەگەری مێشکی بەئاگا مەترسی ترسناک و ئاڵۆزی ھەیە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر کە ئەمانە دەگرێتەوە : 
( خوێنبەربوون ، ھەڵئاوسانی مێشک ، ھەوکردن ، تێکچوونی قسەکردن و ھاوسەنگی و جەڵتە و دزەکردنی شلەی مێشک و زیان بەرکەوتنی مێشک یان مردن) 

ئاڵۆزییەکانی دیکەی نەشتەگەری مێشک بریتی یە لە نۆرەفێ ( گەشکە ) و لاوازی ماسولکەکان و کێشە لەگەڵ بیرەوەری و بیرکردنەوە.


PM:03:17:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل