‌گومان دەکرێت ڤاکسینی فایزەر 13 کەسی توشی ئیفلیجبوونی دەموچاو کردبێت

وێستگە ستایل-


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

چەند کەسێک لە ئیسرائیل توشی ئیفلیجبوونی دەموچاو بوون لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش رایانگەیاندووە، مەترسیدار نیە و لە کاتی وەرگرتنی دووەم دانەدا کاریگەری نامێنێت. 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری هەواڵی ئار تی نیوسی روسی، 13 کەس لە ئیسرائیل لە پاش وەرگرتنی ڤاکسینی فایزەر، توشی ئیفلیجی دەموچاو بوون و لە پاش 28 کاتژمێر کاریگەرییەکانی کەمتر بوونەتەوە و بەرەو نەمان ڕۆشتوون. 

یەکێک لەو نەخۆشانەی توشی ئەو حاڵەتە بووە رایگەیاندووە، ” لە پاش بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، دەموچاوم بۆ ماوەی زیاتر لە 24 کاتژمێر تێکچوبوو، ئازارێکی زۆرم هەبوو، بەڵام ئێستا بارودۆخم زۆر باشبووە و دەموچاوم تا رادەیەک هاتۆتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی". 

لە دوای بریاری پێدانی بڕە ڤاکسینی تەواوەتی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی ئیسرائیل، هەتا ئێستا زیاتر %20 ی هاوڵاتیان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، دوای ئەم رووداوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای خەڵکی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، "ترس و دڵەڕاوکێی ناوێت و ڤاکسینەکە سەلامەتە، تەنها چەند حاڵەتێک بووە و هێشتا دڵنیانین ئایا بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسینەکەوە بووە یاخود نا".

جەختیشی کردۆتەوە، "لەگەل وەرگرتنی دووەم بەشی ڤاکسینەکە، بە تەواوی کاریگەرییەکانی نامێنێت و کەسەکە پارێزراو دەبێت".

ڤاکسینی فایزەر یەکێکە لە ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2020وە بۆ یەکەمجار بەکارهات و لە ئێستاشدا زۆرینەی وڵاتانی جیهان هەوڵی بە دەستهێنانی دەدەن.


PM:05:11:17/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌