‌به‌ڕێگایه‌كی ئاسان چاوی منداڵه‌كه‌ت له‌ نه‌شته‌رگه‌ری بپارێزه‌

وێستگە ستایل-

لە ناو پێڵووی چاو دوو بۆری موولوولەیی بچووک هەیە کە فرمێسک دەگوازێتەوە لە ناو  چاو بۆ لووت و پاشان دەچێتە گەروو بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێ بکەین ،  بەڵام لە کاتی گریان یان کاتێک چاومان بریندار دەبێت یان تووشی هەستیاری دەبێت هەست دەکەین کە لووتمان زۆر ئاو دەکات وەک ئەوە وایە تووشی هەڵامەت بوو بین ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هەڵامەت نییە بەڵکو ئەوە هۆکارەکەی چاوی ئێمەیە کە فرمێسک زۆر دەکات و لە ڕێگای ئەو بۆڕییە موولوولەییانە دەگوازرێتەوە بۆ لووت و لەم کاتەدا هەستی پێ دەکەین .

دكتۆر ئه‌حمه‌د پسپۆڕی نەشتەرگەری نەخۆشیەکانی چاو  له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت" ئەم دوو بۆرییە موولوولەییانە لە منداڵدا و لە ناو سکی دایکدا هێشتا نەکراوەتەوە بەڵام  پێش لەدایک بوون لە زۆربەی زۆری منداڵاندا دەكرێتەوە ، بەڵام لە بەشێکی کەمی منداڵانی کۆرپە ئەم بۆرییە موولوولەییانە ناكرێتەوە و دەبێتە هۆی ئاو کردنی چاوی منداڵەکە و زوو زوو توشی هەوکردن دەبێت، کە پێی دەوترێت گیرانی بۆڕی فرمێسک ."

دكتۆر ئه‌حه‌د ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئەگەر زوو چارەسەری بۆ بکرێت ئەوەش بە مەساج کردنی توورەکەی فرمێسک (کە دەکەوێتە لا تەنیشتی لووت ) ئەوا زۆربەی زۆری (%95) منداڵان چاک دەبێتەوە و پێویستی بە نەشتەرگەری نییە ، بەڵام ئەگەر مەساجی بۆ نەکرێت لە لایەن دایک و باوکی منداڵەکە ئەوا پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت لە ژێر بێهۆشکردنی گشتی ، کەئەمەش لە لایەک کولفەیەک لەسەر ئەو ماڵە و لە لایەک هیچ نەشتەرگەرییەک بێ مەترسی نییە ."

کەواتە تەنها بە مەساج کردنی چاوی منداڵەکەت لە کاتی گیرانی بۆڕی فرمێسکدا دەتوانی منداڵەکەت لە نەشتەرگەری بپارێزی .


PM:01:14:14/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌