‌به‌ پێنج خاڵ هاوكاری نه‌خۆشانی ده‌رونی بكه‌

وێستگە ستایل-


توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە! ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە،  چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟ دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

 ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار ڕووبەڕومان دەبێتەوە و تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستییان بە وەڵامە. لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:

 یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەبونەوەی نیشانەکان، لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:

1- چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
2- زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
3- چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە.
4- چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
5- ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر.

دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:

1- دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
2- بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
3- دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
4- فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.

سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە!
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی دەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:

1- دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
2- نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
3- بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە.

چوارەم: دوریانبخەنەوە لە چارەسەرکاری هەڵە.
کۆمەڵگای کوردی پڕبووە لە چارەسەرکاری هەڵە! بەجۆرێک هەرکەسێک قسەدەکات پسپۆرە لە بواری چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان و هیچیشی لێنازانێت و تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات! هەرگیز مەهێڵە نەخۆشەکەت ئەم هەڵانە بکات:

1- سەردانی کەسانێک بکات کە بەناوی چارەسەری ئاینی یان میلییەوە کاردەکەن؛ ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبنە هۆی خراپتر بوون یان زۆربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە.
2- بچێتە لای پزیشکێک کە پسۆر نەبێت لە بواری پزیشکی دەروونی، ئەمە دەبێتە هۆی بێهیوابوونی نەخۆشەکە، کاتێک کە پزیشکەکە پێێدەڵێت فەحسەکانت پاکە و هیچت نییە! هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش پەنابەرێتە بەر چارەسەرە هەڵەکان.
3- بچێتە لای توێژەرێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی کە شارەزایی نییە لە نەخۆشی د ەروونیدا، ئەم کەسانە لەوانەیە بەهۆی کەم شارەزاییەوە ڕێنماییەک بدەن کە زیان بە نەخۆشەکە دەگەیەنێت، بۆنمونە زۆرجار کەسی توشبوو نەخۆشییەکی توندی هەیە پاش سەردانی ئەم کەسانە دەرمانەکان دەوەستێنێت و دواتر کارەسات روودەدات!
4- کارمەندی پزیشک کە نورینگەیان هەیە لە گەرەکەکاندا، لەوانەیە دەرمانێکی بدەنێ کە ببێتە هۆی ئیدمان و هۆگربوون لەسەر دەمانەکە، یان بەهۆی کەم شارەزاییەوە لەوانەیە رێنمایی نەخۆش بە هەڵە بکەن.

هەموو ئەو چوار لایەنەی سەرەوە، پێویست و گرنگن بۆ کۆمەڵگە، سودی گەورەیان هەبوو لە بوارەکانی خۆیاندا، بەڵام چارەسەر و ڕێنمایی نەخۆشی دەروونی ئەرکی پزیشکی دەروونی و چارەسەرکاری دەروونییە کە پسپۆرییان لە بوارەکەدا هەیە.

پێنجەم: پشتیوانی بکەن
هەتا دەتوانن ببنە پشتیوانیان، ئەم پشتیوانییەش بەوە دەبێت کە هەوڵبدەین هانیان بدەین بۆ چەند کارێکی دروست و پێویست، وەکو:

1- وەرزش و پیاسەکردنی ڕۆژانە؛ ئەم دووانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان و ئاسودەیی دەروونی تاک.
2- پشتیوانیان بە لە بەردەوام بوون لەسەر پیشەکەیان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو مەهێڵە مۆڵەت بکەن. هەتا نەخۆشییەکە زیاتر زاڵنەبێت بەسەریاندا.
3- با بەردەوام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵبن و لەگەڵ ئەوانی تردا بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بکەن و لە کۆمەڵگە دانەبرێن.
4- ڕێنماییان بکە کە تەندروست ژیان بکەن لە روی خەو و خواردن و پاکوخاوێنییەوە.
5- دوریان بخەنەوە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، جا جگەرە و نێرگەلەبێت یان مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێت.

هەموو ئەوەی ئاماژەی بۆکراوە بنەمای زانستی هەیە، دڵنیابن هەرکات توانیمان ئەو پێنج خاڵە بهێنینە دی ئەوە نەخۆشەکەمان زووتر و ئاسانتر باشدەبێتەوە.


AM:11:36:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌