‌نیشانه‌ و هۆكار و چۆنیه‌تی ڕێگری كردن له‌ توشبوونی منداڵان به‌هەوکردنی پەردەی مێشک

وێستگە ستایل-


Meningitis هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرەیە کە دەوری مێشک و دڕکە پەتکی داوە، دەکرێ تووشی هەرکەسێک ببێت، بەڵام بەگشتی لە منداڵانی ساوا و منداڵانی گەورەتردا باوە تا دەگاتە هەرزەکاران.

هۆکارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك:
هەوکردنە ڤایرۆسییەکان باوترین هۆکاری هەوکردنی پەردەی مێشکن، بەدوایاندا هەوکردنە بەکتریاییەکان دێن و بەدەگمەنیش هەوکردنە کەڕوویی و مشەخۆرییەکان.

هەوکردنە بەکتریاییەکان:
ئەو بەکتریایەی کە دەڕواتە ڕێڕەوی خوێنەوە و بەرەو مێشک و دڕکە پەتک ئەڕوات، دەبێتە هۆی هەوکردنی کتوپڕی پەردەی مێشک. بەڵام دەکرێ بەکتریاکە ڕاستەوخۆش بگات بە مێشک وەک لە حاڵەتەکانی هەوکردنی گوێ یان شکانی ئێسکی کەللـەی سەر.

نیشانەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک:

نیشانە سەرەتاییەکانی ئەکرێ هاوشێوەی نیشانەکانی ئەنفلەوەنزا بن، لەماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێکدا سەرهەڵبدەن کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
1-تایەکی کتوپڕ (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ 38 پلەی سیلیزی یان زیاتر)
2-سەرئێشەیەکی توند و نائاسایی، کە دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوەی لەگەڵدا بێت
3- هەستیاریی بە ڕووناکی
4- گەشکە
5- نەمانی ئارەزووی خواردن
6- بێ هۆشبوون و گێژبوون
7- هەستیاریی پێست (مەرج نییە هەمووکات سەرهەڵبدات)
8-  ڕەقبوونی مل

ئەم نیشانانە مەرج نییە هەمیشە هەموویان پێکەوە دەربکەون.

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی ڕوودانی هەوکردنی پەردەی مێشک زیاددەکەن:

1- پەڕاندنی کوتانەکان. مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەو منداڵ و پێگەشتووانەدا زیاددەکات کە خشتەی کوتانی داواکراو تەواو ناکەن.

2- تەمەن. زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیی پەردەی مێشک لەو منداڵانەدا ڕووئەدات کە لە پێنج ساڵ بچووکترن. هەوکردنی بەکتریایی پەردەی مێشکیش لەوانەدا باوترە کە تەمەنیان لە خوار بیست ساڵەوەیە.

3- شوێنی ژیان. خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە لە بەشە ناوخۆییەکان ئەمێننەوە، کارمەندانی بنکە سەربازییەکان، مەترسی تووشبوونیان زیاترە. چونکە ئەو بەکتریایانە لە ڕێگەی هەناسەدانەوە ئەگوازرێتەوە.

4- دابەزینی بەرگری لەش


ماکەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک:

هەرکەسێک هەتا بۆ ماوەیەکی زیاتر بە نەخۆشییەکەوە بمێنێتەوە بەبێ چارەسەرکردن، مەترسییەکانی گەشکە و زیانە هەمیشەییە دەمارییەکان گەورەترە. ماکەکانیش ئەمانەن:

1- لەدەستدانی توانای بیستن
2- لاوازیی یادگە
3- کەمبوونەوەی توانای فێربوون
4- زیانگەشتن بە مێشک
5- کێشەکانی ڕێ ڕۆشتن
6- گەشکە
7- سستبوونی گورچیلە
8- شۆک
9- مردن

ڕێگری کردن لێی:

بەکتریا و ڤایرۆسە باوەکان کە ده‌کرێ ببنە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک دەکرێ لە ڕێگەی کۆکە و پژمە و ماچکردن، یاخود بەکارهێنانی کەرەستەکانی نانخواردن، فڵچەی ددان شوشتن، یان جگەرەی کەسانی ترەوە بگوازرێنەوە.

بەم چەند هەنگاوە دەتوانیت ڕێگە لە هەوکردنی پەردەی مێشک بگریت:

1- شۆردنی دەستەکان بە باشیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بەکتریاکان ئەگرێت. پێویستە منداڵان فێربکرێن کە زوو زوو دەستەکانیان بشۆن، بەتایبەت لەپێش نانخواردن و لەدوای بەکارهێنانی توالێت و لەکاتی هاتنەوە لە شوێنە قەرەباڵگەکان یاخود لە دەوای دەستهێنان بە ئاژەڵاندا.
2- پێویستە منداڵان فێر بکرێن کە پێداویستییەکانیان لەگەڵ کەسی تر هاوبەشی پێ نەکەن.
3- لەکاتی کۆکین و پژمیندا پێویستە دەم و لووت بەباشی دابپۆشرێن.
4- پێویستە سیستمی بەرگری بەباشی ڕابگیرێت، بە وەرگرتنی پشووی پێویست، وەرزش کردنی ڕێک و پێک و خواردنی تەندرووست.

ئامادەکردن: ئاهەنگ صلاح


PM:02:26:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 4436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل