‌هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئازاری زۆر لە دەست و قاچدا و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-


نه‌خۆشی خوێنبه‌ری په‌له‌كان یەکێکە لە کێشە باوەکانی سوڕی خوێن کە بەهۆی تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکانەوە بڕی پێویست لەخوێن ناگاتە پەلەکان(دەست و قاچ) وە زیاتر قاچەکان و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی نەخۆشیەکە کە دیارترینیان ئازارێکی نائاساییە لەکاتی ڕۆیشتندا، تەسک بوونەوەی خوێنبەرەکان زیاتر بەهۆی نیشتنی چەوری لە دیواری ناوەوەیان دەبێت، ئەمەیش ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جوڵەی خوێن بۆ مێشک و دڵ و پەلەکان، دكتۆر جیڤارا پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری دڵ و بۆریه‌كانی خوێن له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم نەخۆشیە دەتوانرێت رێگری لێبکرێت یان تەنانەت چارەسەر بکرێت بە واز هێنان لە جگەرە کێشان و وەرزش و خواردنی تەندروست و ڕێگری کردن لە قەڵەوی.

نیشانەکانی :

زۆرێک لە نەخۆشەکان نیشانەی کەمیان هەیە کە هەندێ جار هەستی پێ ناکەن بەڵام بەشێک لە نەخۆشەکان ئازارێکی زۆری قاچەکانیان دەبێت کە دەگاتە ڕادەی شەلی لەکاتی ڕۆیشتندا.

سەرەتا بە کرژبوونی ماسولکەکانی قاچ دەردەکەوێت و ئازارێکی زۆر دروست دەکات، پاش دانیشتن و حەسانەوە ئازارەکە لە شوێنی خوێنبەرە نەخۆشەکەدا جێگیر دەبێت. هەندێکجار ئازارەکەی دەگاتە قۆناغێک کە نەخۆشەکە توانای ئەنجامدانی کاری ئاسایی رۆژانەی خۆیشی نابێت.

بە گشتی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە:
1-  هەست کردن بەکرژبوونێکی بەهێز و ئازاری زۆر لە ناوچەکانی حەوز و ڕانەکان و پووز کە دیارترین شوێنی ئازارەکەیە.
2-سڕبوونی پێیەکان.
3-ساردی لە خوارەوەی قاچ و پێ یەکاندا کاتێ کە بەراوردی دەکەیت بە بەشەکانی تری قاچ.

4- دروست بوونی برین لە نێوان پەنجەکان یان قاچ یا پێ کە چاک نابنەوە.

5-گۆڕانی ڕەنگی پێست.

6- لاوازبوون یا نەمانی موو.

7- لاوازبوونی گەشەی نینۆکی پەنجەکانی پێ.

8- لاوازبوونی هەست کردن بە جووڵانی خوێن لە پێ و قاچدا.

لەگەڵ زیادبوونی نەخۆشیەکەدا هەندێكجار ئازارەکە هێندە بەهێز دەبێت کە دەبێتە هۆی نەخەوتن و تەنانەت لەکاتی پاڵ کەوتن و حەوانەوەیشدا بەردەوام دەبێت و بەرزکردنەوەی قاچەکان هیچ سودێکی نابێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت:

- لەکاتی دەرکەوتنی ئەو نیشانانەی سەرەوە نابێت پشتگوێ بخرێن و سەردانی پزیشکی پسپۆر بکە.
-ئەگەر تەمەنی نەخۆشەکە لە ٦٥ساڵ زیاتر بوو.

-ئەگەر تەمەنی نەخۆشەکە لە ٥٠ساڵ زیاتربوو وە جگەرە کێش بێت یان نەخۆشی شەکرەی هەبێت.
-لە ٥٠ساڵ گەورەتر بێت و نەخۆشی بەرزی پەستانی خوێنی هەبێت یان کێشی زیاد بێت.

هۆکارەکانی نەخۆشیەکە :

سەرەکی ترین هۆکار بریتیە لە ڕەق بوونی خوێنبەرەکان لە ئەنجامی نیشتن و کەڵەکە بوونی چەوری لەسەر دیواری ناوەوەی خوێنبەرەکان کە بەهۆیەوە جوڵەی خوێن لەو خوێنبەرانەدا کەم دەبێت و بڕی پێویست لەخوێن ناگاتە ئەو شوێنانە.
هۆکارەکانی تر بریتین لە هەوکردنی بۆریەکانی خوێن و برینداربوون و بەرکەوتنی تیشک کە کەمتر ئەبنە هۆی نەخۆشیەکە

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکە زیاد دەکەن:

1- جگەرەکێشان
2- نەخۆشی شەکرە
3-قەڵەوی
4-بەرزی پەستانی خوێن
5-بەرزبوونەوەی ڕێژەی چەوریەکانی خوێن
6-تەمەنی سەرو پەنجا ساڵ
7-هۆکاری بۆماوەیی

ماکەکانی نەخۆشیەکە :

1-دەرکەوتنی برین و هەوکردن کە چاک نابنەوە و تەنانەت هەندێک جار ئەبێتە هۆی مردنی شانەکان و گەنگرین کە بە بڕینەوەی ئەو قاچە کۆتایی دێت.

2-جەڵتەی مێشک یان دڵ بەهۆی نیشتنی چەوری لە دیواری خوێنەرەکانی دڵ و مێشک.

خۆپارێزی لە نەخۆشیەکە :

1-وازهێنان لە جگەرەکێشان.
2- کۆنترۆڵ کردنی ڕێژەی شەکر بە باشی لە کەسانی تووشبوو بە شەکرەدا.
3-ئەنجامدانی وەرزش بۆ ماوەی ٣٠ بۆ ٤٥ خوله‌ك لە هەفتەیەکدا لانیکەم سێ جار.

4-کۆنترۆڵ کردنی رێژەی چەورییەکان لەخوێندا
5-بەکارهێنانی خواردنی تەندروست
6- خۆپاراستن لە قەڵەوی

دیاریکردنی نەخۆشیەکە :

1-پشکنینی پزیشکی کە چێک کردنی لێدانی دڵ و گەرمی قاچ و هەندێ نیشانەی تر کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئەنجام دەدرێت.
2-پێوان وبەراورد کردنی پەستانی خوێن لە قۆڵ و قاچدا.
3-سۆنەری خوێنبەرەکانی قاچ کە پێی دەوترێت دۆپلەر.
4- ئەنجامدانی پشکنینی تیشکی تەنوری مفراس بەبەکارهێنانی ڕەنگێکی تایبەت دەکرێتە خوێنبەرەکەوە و تەسک بوونەوەکانی خوێنبەرەکە دیاری دەکات.
5-قەستەرەی خوێنبەرەکان.
6- ئەنجامدانی شیکاریەکانی چەوری خوێن و شەکرە.

چارەسەرکردن :
1-  چارەسەری پزیشکی وەک بەکارهێنانی حەبی دابەزاندنی چەورییەکان و چارەسەری شەکرە لەو نەخۆشانەی شەکرەیان هەیە و چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن و ئەو حەبانەی کە خەستی خوێن کەم ئەکەنەوە وەکو ئەسپرین و پلاڤیکس، لەگەڵ ئەو حەبانەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەم دەکەنەوە وەک سیلیستازول و پینتوکسیفیلین.

2-بە ڕێگەی قەستەرە و بەکارهێنانی باڵۆن بۆ فراوان کردنی خوێنبەرەکە و بەکارهێنانی شەبەکە کە بە هەمان میکانیزمی شەبەکە و باڵۆنی دەمارەکانی دڵ دەکرێت .

3- ئەگەر کڵۆتی خوێن لە خوێنبەرەکە دا هەبێت ئەوا بەڕێگەی تایبەت کە پزیشکی نەشتەرگەر ئەنجامی دەدات لا دەبرێت.

4-هەندێک جار پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت بە لابردنی ئەو بەشەی تەسک بۆتەوە و ڕێگاکانی سەرەوە چارەسەری ناکەن بۆیە ئەو بەشە لادەبرێت و لەبەشێکی تری لەشەوە دەمارێکی وەردەگیرێت و لەجێگەی بەشە نەخۆشەکە زەرع دەکرێت.

سەرەڕای ئەو رێگە چارانەی لەسەرەوە باسکران، نەخۆشەکە بەرنامەیەکی تایبەتی وەرزشی لەژێر چاودێری پزیشکی دا بۆ دائەنرێت تا ئەو قۆناغەی کە ڕۆیشتن و چالاکی ڕۆژانەی ئاسایی دەبێتەوە.


PM:03:13:24/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 11020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌