‌لەگەڵ هاتنی پایز و سەرمادا بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری کۆرۆنا روو لە کوێ بکەم؟

وێستگە ستایل-


لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و نزیک بوونەوەی وەرزی سەرما و گۆڕانی کەش و هەوا، چەندین نەخۆشی تر وەک پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی، ڕەبۆ، هەوکردنی ڕێڕەوەکانی كۆئه‌ندامی هەناسە، هەوکردنی سییەکان و پەتای ئاسایی لەناو خەڵکیدا بەشێوەیەکی بەرچاو سەرهەڵدەدەن، کە زۆربەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشیانەش لە هەمان نیشانەکانی نەخۆشی کۆرۆنا دەچێت، کە ئێستا بووە بە پەتایەکی جیهانی و کوچە و کۆڵانەکانی هەموو وڵاتێکی تەنیووە، پاشان وەک چاوەڕوان دەکرێت، ئەم پەتا جیهانییە لەم مانگانەی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێراتر بڵاوبێتەوە، له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاڤار صەڵاح خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی چه‌ند زانیاریه‌كی گرنگ ده‌خاته‌ ڕوو.

بۆ ڕێگری کردن لە دەست نیشان کردن و وەرگرتنی چارەسەری هەڵەو نازانستی، وە دووربوون لە مەترسییە ترسناکەکانی ئەو نەخۆشیانە، پێویستە هەموو کەسێک بزانێت پەنا بۆ کێ دەبات لە کاتی تووش بوون بە یەکێک لەو نەخۆشیانەی کە باسمان کرد.

لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەی ئەو نەخۆشیانەدا پێویست دەکات سەردانی چ پزیشکێک بکەم؟

پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، وە پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، ئەو دوو پسپۆڕییە پزیشکییەن، کە دەتوانن بەشێوەیەکی زانستی دەستنیشانی گرفتەکەت بکەن و نەخۆشییەکەت لە پەتای جیهانی کۆرۆنا جیا بکەنەوە، هەرچەند نیشانەکانی تێکەڵاو و ئاڵۆزبێت، پاشان دەتوانن بە ڕێگەیەکی زانستی گونجاوترین چارەسەرت بۆ دابنێنن بە گوێرەی حاڵەتەکەت. بۆیە داواکارم لە هەموو هاونیشتیمانیان، لەم کاتە هەستیارەدا جگە لەو دوو پسپۆڕییەی کە ئاماژەم بۆ کردن لە دەرەوەی نەخۆشخانە، سەنتەرە ڕاوێژکارییەکان، و کلینیکە تایبەتەکان سەردانی هیچ کەس و جێگەیەکی تر نەکەن بۆ دەستنیشان کردنی نەخۆشی و وەرگرتنی چارەسەر.

لە دیارترین نیشانە لێکچووەکانی ئەو نەخۆشیانە کامانەن؟

-تا و لەرز و عارەق کردنەوە
-کۆکە
-قورگ ئێشە
-بێ هێزی و لەش داهزران و ئازاری ماسولکەکان
-هەناسە تەنگی
-سنگ ئێشە
-دڵتێکەڵهاتن و سکچوون و ڕشانەوە
-تێکچوونی خەو

ئایا هەر نیشانەیەکی نەخۆشیم هەبوو دەکرێت تووشی کۆرۆنا بووبم؟
ئێستا لەبەرئەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بووە بە پەتایەکی جیهانی و هەموو جیهانی گرتووەتەوە، دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک لە هەر کەسێکدا بە کۆرۆنا دادەنرێت هەتا ئەوکاتەی ئیسپات دەکرێت. بێگومان لەبەر ئه‌وەی ئەو نەخۆشیانەی سەرەو و پەتای کۆرۆنا نیشانەکانیان لەیەک دەچن و تێکەڵاون، پێویستی بە شارەزایی تەواو هەیە بۆ دەستنیشان کردن و جیا کردنەوەیان لەیەکتر لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی ئەو بوارەوە.


PM:03:23:23/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌