‌چیرۆكی منداڵێک لەنێو خوێندا فیشەک لە پشتی سەری دەرچوو بوو

وێستگە ستایل-


هەروەکو هەموو کات لە بابەتەکانم باسی دەکەم وەک سەرەتاییەک بۆ بابەتەکەم؛ ئەرکی پزیشک بەگشتی و پزیشکی دادوەری بەتایبەتی بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە بواری پسپۆری خۆی.

ئەوە ئەرکیکی نیشتمانی و مروڤانەیە، ئەو حالەتانەی دەگەنە پزیشکی دادوەری زۆر ڕووداوی دڵتەزێنن چارەسەریان ئەستەمە. ئێمەی پزیشک زۆر وانەی لێوەردەگرین بۆیە هەموو کات هەوڵدەدەم بەشیوەیەکی زانستیانەی سنوردار باسیان بکەم تاکو هاوڵاتی وانەیەکی لێ فێربیت لەڕووی کۆمەڵایەتی و زانستی بەمەرجێک ئەوها کەساییەتیەکان دەگۆرم کە بەهیچ شێوەیەک تەنانەت خێزانەکەش نازانن خۆیانن.

لەکاتی ئێشکگریم بوو تێلم بۆ کرا حالەتێکی فیشەک هەیە، چووم بینیم منداڵێکی خوار تەمەن ١٠ ساڵ یەک فیشەکی بەرکەوتووە لە ناو دەمی لە پشتی سەری دەرچوو بوو، لە ڕووی زانستییەوە لە پزیشکی دادی دەزانرێت کە خۆی لەخۆی داوە یان یەکێکی تر ئەو فیشەکەی لێداوە.

باوکیم بانگ کرد چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە، وتی لەدەرەوە گەڕامەوە نیوەڕۆ دەمانچەکەم لەژوورەوە بەجێ هیشت پاش ماوەیەکی کەم گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە دەنگی فیشەک دەچوو، هەڵاتم بەرەو ڕووی دەنگەکە تاسام کە بینیم کورەکەم خەڵتانی خوین بوو بوو.

بۆ تێبینی باوکەکە سەرباز یان پێشمەرگە نەبوو، ئەو دایک و باوکە تازە جگە لە جەرگ سووتان باری دەروونیشیان تەواو تێک دەچێ قەت ناتوانن لەبیری بکەن ئەم کارەساتە.

بۆ ساتێک کە تەماشای جەنازەی ئەو منداڵەم کرد دەموت چی دەبوو ئەگەر ئەو چەکە لەبن دەستت نەدەبوو، لێرە ئەوەی گرنگە باشە بۆچی چەک لە هەموو ماڵێک هەبێت و بۆ کرین و فرۆشتنی پێبکرێت.

ئەگەر باوکەکە لە کاری سەربازی بوو بۆچی وا بەئاسانی دەستی منداڵی بگاتە چەک، بۆچی مەخزەنی لەسەر بێت.

کە حکومەت کڕین و فرۆشتنی چەک قەدەغە دەکات هاوڵاتی بە نهێنی و واستە چەک پەیدا دەکات .

خۆزگە هەموو ماڵێک بزانن چەک لەماڵەوە دوژمنیکی مەترسیدارە، زۆر جار حالەتم بینیوە بە هۆی ئەو چەکە ژن و مێرد دەبیتە ناخۆشیان ژنەکە یان پیاوەکە راست لەبەر ئاسانی دەست کەوتنی چەکەکە یەکێکیان فیشەک دەدات لە خۆی یان لە بەرامبەرەکەی هەرچەندە لەو کات و ساتەدە حالەتەکە هەڵچوون بێت دەشێت ئەو کارەساتە ڕوونەدات.

وەک بڵێی چارەسەری کێشەکەی کردبی نازانی بۆ یەکجاری ماڵی وێران بوو. لە ڕاستیدا کوشتن بە فیشەک زۆرە بەڵام من کە ئەم حالەتەم بە نمونە وەرگرت چونکە منداڵ زۆر کاریگەری لەسەرم هەیە چونکە دایکم پێش ئەوەی پزیشک بم.

ئەگەر زۆر زەرورە بونی چەک لەماڵەوە با لەبن دەستی مندالان نەبیت وابزانم ئەوە زۆر ئاسانە.

لەم ماوەی ئەم دوو سێ ساڵە حاڵەتەکانی فیشەک زۆر زیادی کردووە چارەسەری ئەوەی من دەیڵێم سادەیە دەتوانین لە مەڵەکانی خۆمان دەست پی بکەین بڵێن نەخێر بۆ بوونی چەک لەناو ماڵ.

بوونی چەک لەماڵەوە کاریگەری زۆر خراپی هەیە تۆ ئاگات لێنەبی دەکەوێتە دەستی منداڵ، یان ئەگەر کێشەکی بچوک هەبی لەماڵەوە دوور مەبینە کارەساتی لێبکەوێتەوە چونکە زۆر حالاتی وامان بینیوە ئەوە جگە لەوەی ئەگەر نەخۆشییکی دەروونیت لەماڵەوە هەبیت ئەوە ترسناکی چەک لەماڵەوە دەبیتە دووهێندە.

د. دیلمان ئازاد -  پسپۆری پزیشکی دادوەری


PM:04:36:17/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 4620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل