‌بە کێ دەوترێت کۆرۆنای‌ هەیە؟

وێستگە ستایل-


لە زانستی‌ پزیشکیدا بۆ ئەوەی‌ بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کەسێک نەخۆشییەکی‌ هەیە یان نا، پشت بەو پێناسانە دەبەسترێت کە کۆمەڵێک دەزگای‌ زانستیی نێودەوڵەتی‌ بۆ نەخۆشییەکان دەیانکەن، کە گرینگترین و متمانە پێکراوترینیان (ڕێکخراوی‌ تەنردوستیی جیهان-WHO)ە. ئەو پێناسانەی‌ کە دەکرێت بۆ نەخۆشییەکان، بەپێی‌ یٔەنجامی‌ داتا و لێکۆڵینەوە نوێکان گۆڕانکاریی تێدا دەکەن. بەپێی‌ نوێترین پێناسە کە ڕێکخراوی‌ تەندروستی جیهانی‌ دوو ڕۆژ لەمەوبەر (واتە لە 9/8/2020) بڵاوی‌ کردووەتەوە ، دكتۆر زانا پزیشکی‌ پسپۆڕی‌ هەناوی له‌م بابه‌ته‌دا باسی لێوه‌كردوه‌.

هەر کەسێک لەپڕ تووشی (تا لەگەڵ کۆکە) بووبێت، یانیش لەپڕ تووشی سێ یان زیاتر لەمانە بووبێت: تا، کۆکە، بێهێزی‌، سەرئێشە، قوڕگ ئێشە، هەڵامەت، تەنگەنەفەسی، نان پێ نەخورانی و هێڵنج دان و ڕشانەوە، سکچوون، ئەوە ئەگەر هەیە تووشی کۆڕۆنا بووبێت.

خۆ ئەگەر بێت و کەسەکە ئەو نیشانانەی‌ هەبێت و بەرکەوتنی‌ لەگەڵ کەسێکی‌ تردا هەبووبێت کە ئەو نیشانانەی‌ هەبووبێت یان بە پشکنین دەستنیشان کرابێت کە هەیەتی‌، یانیش لەناکاو تووشی لەدەست دانی‌ هەستەکانی‌ تام و بۆن کردن بووبێت (بێ ئەوەی‌ هۆیەکی‌ دیاریکراو هەبێت)، ئەوە ئەگەرەکە زۆر بەرز دەبێتەوە.

بێگومان تەنها ئەو کاتە دەتوانین بەدڵنیاییەوە بە کەسێک بڵێین کۆڕۆنای‌ هەیە کە ئەنجامی‌ پشکنینەکانی‌ پۆزەتیڤ دەربچێت، جا نیشانەی‌ هەبێت یان نا.




PM:08:00:09/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل