‌بۆچی دەبێت ئەوانەی کۆرۆنایان هەیە لەسەر سک ڕابکشێن؟

وێستگە ستایل-


زۆربەمان ئەوە دەزانین کە وا باشە لەسەر لای ڕاست بخەوین، ئەمەمان لەڕێی ڕێنماییەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە پێگەیشتووە، هەر بەڕاستییش زانستی پزیشکیی سەردەم پشتڕاستی ئەمە دەکاتەوە. بەڵام ئەمە بۆ باری ئاساییە و بۆ کەسێکە کە کێشەی تەندروستیی نەبێت، بەپێی هەندێک حاڵەت دەکرێت نوستن بە شێوازی تر پێویست بێت، دكتۆر زانا پزیشکی پسپۆڕی هەناو له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات بۆژی ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ توشی كۆرۆنا بوون باشتر وایه‌ له‌سه‌ر سك ڕابكشێن.

بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەوە بزانرێت کە بەشی زۆری سییەکان دەکەونە لای پشتەوە. باشترین هۆیەکیش بۆ تێگەیشتن لەمە ئەوەیە کە دەبینین لای خوارەوەی ئەو پەراسووانەی کە لە خوارەوەی قەفەسی سینگ هەستیان پێدەکەین، لەلای پێشەوەی سینگ زۆر بەرزن، بەڵام چەند بۆ دواوە دەچن، شۆڕتر دەبنەوە، جا ماسوولکەی (ناوپەنچک) کە ماسوولکەی سەرەکیی هەناسەدانە، لە ناوەوە بەستراوە بەم پەرسووانەی خوارەوە و سییەکانیش کەوتوونەتە سەر ناوپەنچک، بەم جۆرە دەردەکەوێت کە سییەکان لەدواوە چەندە درێژ بوونەتەوە و لە پێشەوەش چەندە کورتن. ئەمە سەرباری ئەوەی دڵ و لوولە سەرەکییەکانی خوێن زیاتر کەوتوونەتە لای پێشەوە و بەمەش ئەوەندەی تر شوێنیان بۆ سییەکان کەم کردوەەتەوە. بەم جۆرە سیەکان بەشی زۆریان لەدواوە و بەشتی کەمیان لەپێشەوەیە.

کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سییەکان دەدات، شلەیەکی وەک بەڵغەم لەناو ژووری هەوای ناو سییەکان کۆ دەبێتەوە، کاتێکیش توندتر لێیان دەدات، شلەیەکی زۆر لەناو ئەو ژوورانە کۆ دەبێتەوە و بەمەش جێیەک بۆ هەواگۆڕکێ نامێنێتەوە.

جا کاتێک نەخۆشەکە لەسەر پشت یان تەنیشتەکان ڕادەکشێت، بەهۆی کێش کردنی زەوییەوە، ئەو شلانە لەلای دواوە یان لاتەنیشتەکان کۆ دەبێتەوە و بەم جۆرەش بەشە سەرەکییەکەی سییەکان هەوایان لێدەبڕێت و بەمەش کەسەکە زۆر تەنگەنەفەس دەبێت.

بەڵام کاتێک نەخۆشەکە لەسەر سک (یان وەک دەوترێت بە دەما) ڕادەکشێت، شلەکان لە پێشەوەی سینگ کۆدەبنەوە، بەمەش بەشە سەرەکییەکەی سییەکان کە دەکەونە لای تەنیشتەکان و دواوە، بۆ هەواگۆڕکێ دەمێننەوە و کەسەکە تا ڕاددەیەکی باش هەناسەی دەکرێتەوە.

بەهۆی ئەوەش کە خوێن زیاتر بۆ لای خوارەوەی سییەکان دەڕوات، ئەگەر بێت و نەخۆشەکە لای حەوز و سکی بەرزتر بکات لە لای سەری، بەوەی سەرین (پشتی) بخاتە ژێریانەوە، یان هەر هیچ نەبێت سەرین نەخاتە ژێر سەری، هەواگۆڕکێی نێو سییەکانی باشتر و هەناسەی خۆشتر دەبێت‌، هەر وەک ئەم بارە یارمەتی هەڵکەنینی بەڵغەم و دەرچوونیشی دەدات.

بەڵام کێشەی ئەم جۆرە پاڵ کەوتنە ئەوەیە کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشیی گەدە بۆ ناو سوورێنچک و سووتانەوەی، بۆیە وا باشە ٢-٣ سەعات دوای نان خواردن وا بکرێت.

پوختە: وا باشە نەخۆشانی کۆرۆنا لەسەر سک ڕابکشێن، بەڵام ٢-٣ كاتژمێر دوای نان خواردن.


PM:06:14:05/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 4348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌