‌ئه‌گه‌ر له‌ توشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ترسیت.. ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێنه‌ره‌وه‌

وێستگە ستایل-


ئاشکرایە کە ورەو و بەهێزیی دەروونیی مرۆڤ زۆر بەکەڵکی دێ لە هەڵکردن لەگەڵ دۆخە نائاسایی یان ناهەموارەکانی ژیان. ئێستا لەم دۆخە دا کە پەتای کۆڤید لە کوردستان بەربڵاوە، لەگەڵ خۆیدا (وەکو هەموو دۆخێکی ناخۆشی تر) کاری لە لایەنی دەروونیی کەسەکان کردووە، نەک هەر نەخۆش بگرە کەس و کاری نەخۆش و تەنانەت پزیشک و کارمەندە تەندروستیە چارەسەرکەرەکانیش.

بێگومان کارتێکرانی دەروونی لەو جۆرە دۆخ و حاڵەتانە شتێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە، چونکوم مرۆڤ هەست و سۆزی هەیەو ڕووداوی ناخۆش و فشار کاریان تێدەکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەم مەترسیە بۆ سەر تەندروستی کەسەکان و دەوروبەر بێ لە خۆشەویستان و دۆستان و ناسیاوه‌كان، دكتۆره‌ نه‌سره‌و پزیشکی پسپۆڕی دەروونی له‌م بابه‌ته‌داڕێنموی ده‌رونی پێویست ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ترسیان له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" ئێستا هەر یەکێک لە ئێمە کەسێکی یان کەسانێکی لە دوور یا لە نزیک تووشی کۆڤید بووە، ئایا ئەمە مایەی ترس و دڵەڕاوکێیە؟ وەکو لەسەرەوە گوتمان تا ڕاددەیەک ئاساییە نیگەرانی و خەمی خۆت و خۆشه‌ویستانت بێت بەڵام گرنگە ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەیت بۆ دەروونێکی بەهێزترو ئارامتر لە بەرامبەر نەخۆشی:

1-  پەشێوی و ترسی زیاد لە پێویست و خۆهەراسان کردنی ئێجگار زەرەرت پێ دەگەیەنن، ژیان وەکو یاریی پەتپەتێن وایە، لەولاوە زەحمەتیەکان ڕات دەکێشن و زۆرت بۆ دەهێنن، بەڵام لە لای خۆشتەوە پێویستە بەهێز بی و تواناکانی خۆت وەکو هێز بەکاربێنی و تۆش لەلای خۆتەوە "پەتەکە ڕابکێشی"..

2- خۆت بپارێزە، ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیەکان پیادە بکە، بەڵام ژیانی خۆشت بەتەواوەتی مەشێوێنە، با کارو بەرنامەو خولیاو پرۆژەی تایبەتیی خۆتت هەبێ. خراپیی دۆخ هیچ پاساو نیە بۆ ئەوەی دژی خۆت بیت و خۆت بڕوخێنیت، ئاشكرایه‌ هەژاری زۆرترین پزیشک و زاناو نووسەرو بلیمەتی لێ بەرهەم هاتووە.

3- مومارەسەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی زۆرە لەسەر دڵخۆشکردنت و دووربوونت لە دڵەڕاوکێ، ڕاستە ئێستا دووریی جەستەیی خوازراوە، بەڵام دەتوانی لەڕێگەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تەلەفۆن و ئینتەرنێت ئەو چالاکیانە ئەنجام بدەی.

4- کەسایەتیی مرۆڤ ڕۆڵی زۆرە لەسەر ئەوەی چۆن شتەکان دەبینێت، وەردەگرێتەوە، یان خۆی دەسازێنێت لەگەڵیان، هەروەها دیاریی دەکات کە تۆ چەندە بەهێزیت، چەند 'جێگیر' یان 'ناجێگیر' یت. ئایا باوەڕت نیە بەوەی کە کەسانێک شێرپەنجە ورەو ئیرادەیان ناڕوخێنێت، کەسانێکیش تەنها ئەگەری نەخۆشیەکی سادە، یان تەنانەت ترسی تووشبوون پێی دەیانکوژێت؟

5- هەروەکو دەزانن زۆربەی تووشبووەکان زۆر بە سادەیی دەیگرن و تەنانەت زۆریان نیشانەشیان نابێت و چادەبنەوە.

6- ئاشکرایە بەرگریی لەش ڕۆڵی زۆر زۆرە لە چابوون لەو حاڵەتە، ئایا دەزانیی سەرچاوەیەکی ئێجگار گرنگی بەرگری بەهێزیی لایەنی دەروونی و مەعنەویتە؟ با هەر بڵێن "زینک" بەڵام لەڕاستیدا بەرگریی بنەڕەتیی تۆ لە دەروونتەوەیە.

7- وەرزشی بەردەوام بکە، خواردنی تەندروست بخۆ، خەوێکی تەندروست بخەوە، دووربە لە بەکارهێنانی مۆبایلی زیاد لە ڕادە. دووربە لە گوێگرتن لەو کەسانەی شت گەورە دەکەن و خۆیان 'ترسنۆک' ن، دووربە لە زێدەڕەوی لە هەواڵ.

8- هەندێک لە نەخۆشە بەڕێزەکان، کە خۆیان پێشتر حاڵەتی دڵەڕاوکێ، وەسواسیی تەندروستی.. هتد، یان هەیە گرنگە ڕێنمایی لە پزیشکی دەروونیی خۆیان وەربگرن و جێبەجێیان بکەن. بۆ ئەو بەڕێزانەش ئەو بابەتەو ئەو خاڵانەی سەرەوە زۆر بەکەڵکن.

لە کۆتایی:
مرۆڤی ئازاو خورت لە هەر دۆخێکی ناخۆش و ناسەقامگیردا باشترین هێزو توانای دەروونی و هزری و مەیدانیی خۆی دەخاتە کار. هەموو دۆخێکی ناخۆش تێدەپەڕێت و دەگۆڕێت، ئەوە سروشتی ژیانە، بەڵام لەجیاتی لاوازی و ترس و ڕاوەستانی ژیان، با ورەو هێزو کەسایەتیی خۆگرتوو و بەهێزت یاوەرت بێت کە باشترین چەکی تۆیە بۆ شەڕی ناخۆشیەکانی ژیان.


PM:11:27:04/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌