‌هۆكار و نیشانه‌كانی توشبوون به‌ هەوكردنی میزڵدان

وێستگە ستایل-

هەوكردنی میزڵدان هۆكارێكی سەرەكی چەندین نیشانەی هەراسانكەرە وەكوو میزەچركە، سووتانەوە لەكاتی میزكردن، بەهۆی چەند پاڵنەرێكی فزیۆلۆجییەوە نەخۆشییەكە زیاتر لەنێو ژنان بڵاوە و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن پشتگوێخستنی چارەسەرەكەی، لێكەوتەی خراپی دەبێت، دكتۆر ئه‌حمه‌د پسپۆری‌ نەشتەرگەری‌ گورچیلە و میزەرۆ له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌كانی توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

كریستیان ئەلبرینگ، پزیشكی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە ئەڵمانیا، دەڵێت خانمان 95%ی حاڵەتەكانی هەوكردنی میزڵدان پێكدێنن، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەلایەكەوە بۆری میزیان زۆر كوتە و دەرچەكەشی زیاتر لە كۆمەوە نزیكە لەچاو پیاوان.

ئەلبرینگ دەڵێت زۆربەی حاڵەتەكانی هەوكردنی میزڵدان بەهۆی گەیشتنی بەكتریاكانی ریخۆڵەكانە بە میزڵدان، ئەویش كاتێك لە كۆمەوە دەچنەدەر. هەندێك باری دیكەش بەهۆی بەكتریاكانی زێ روودەدەن، ئەویش لەكاتی سێكسكردندا، بۆیە هانی خانمان دەدات دوای سێكسكردن پەلە بكەن لە میزكردن و بەتاڵكردنەوەی میزڵدانیان.

هۆكاری هەوكردنی میزڵدان لەوانەیە یەكێك یان زیاتر لەمانە بێ:

1-كەم ئاو خواردنەوە:
كاتێك ئاو كەم دەخۆیتەوە، میز خەستدەبێتەوە و وەك پێویست ناوپۆشی میزڵدان و رێڕەوەكانی میز خاوێن ناكاتەوە و ئەوەش نێوەندێكی گونجاو دەبێت بۆ گەشەی بەكتریا.

2-دواخستنی میزكردن:
میزكردن لەگەڵ خۆیدا چەندین بەكتریا فڕێدەداتە دەرەوە و میزڵدان و بۆرییەكانی میز خاوێندەكاتەوە و ماوەی پێویست ناداتە بەكتریاكان گەشەبكەن و زۆر ببن.

3-دەگوترێ زۆر خواردنەوەی كحول دەبێتەهۆی رووشاندنی دیوارەكانی میزڵدان، ئەو رووشانەش هەلی گەشە و مانەوەی زیاتر بە بەكتریاكان دەدات.

4-جلی زۆر تەسك:
نێوەندێكی شێدار و كەمهەوا بۆ كۆئەندامی میز و زاوزێ فەراهەمدەكات و ئەوەش دڵخوازی گەشەی زیندەوەرە زیانبەخشەكانە.

5-میزنەكردن لەدوای سێكسكردن.

نیشانەكان:
1-لە سەرەتاوە لەوانەیە هیچ نیشانەیەكی نەبێت
2-میزەچركە، زوو زوو دەچێتە سەر ئاودەست، كەچی بڕێكی كەم میزدەكات
3-هەستدەكات میزڵدانی تەواو بەتاڵ نەبووە
4-سووتانەوە و ئازار لەكاتی میزكردن
5-گۆڕانی رەنگ و بۆنی میز

ئەوانەی دەبێ هەر زوو سەردانی پزیشك بكەن:
1-خانمانی دووگیان
2-ئەوانەی بەرگرییان لاوازە، وەك تووشبووانی شەكرە
3-منداڵان
4-ئەگەر لە میزدا خوێن هەبوو.


PM:04:17:04/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 9228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌