‌چۆن خزمەتی کەسی توشبوو یان گومانلێکراو بە COVID-19 بکەیت؟

وێستگە ستایل-



ئەگەر ئێوە لە ماڵەوە چەند کەسێکن کە پێکەوە دەژین ئەوا پێشنیار دەکرێت کە تەنها یەکێکتان خزمەتی کەسی توشبوو بکات بۆ ئەوەی بەرکەوتنی کەسەکان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا سنوردار بکرێت. ئەمەش خۆی دەگرێتەوە لە بردنی خواردن و دەرمان و گرتنی پلەی گەرمی بۆی و نیشانە ژیانییەکانی تر، و هەروەها شوشتنی جل و بەرگ و گۆڕینی جێگەکەی.

لەگەڵ ئەمەدا وا باشە کە ئەو کەسەی خزمەتی نەخۆشەکە دەکات دەست کێش و ماسك بەکاربهێنێت لەکاتی نزیك بوونەوەی لە هەر شتێك کە کەسی توشبوو بەری کەوتووە، و پاشان ڕاستەوخۆ دەستەکانی بشوات بە ئاو و سابون بۆ ماوەی بیست چرکە.

ئەگەر بۆ نموونە خواردنت برد بۆ ئەو کەسە ئەوا دەتوانیت خواردنەکە لەنێو ئەو ژوورەدا دابنێیت کە نەخۆشەکەی تێدایە، بەڵام هەوڵبدە خۆت بەدوور بگریت لە بەرکەوتنت لەگەڵ نەخۆشەکە و دڵنیاببەوە کە دەم و لووتت بە داپۆشراوی هێشتووەتەوە.

لەکاتی دابڕانێکی لەم شێوەیە ڕەنگە ئەندامی نەخۆشی نێو خێزان هەست بە تەنیایی بکات، بۆیە دەکرێت دڵدانەوە بکرێت لەڕێی ناردنی نامە و قسە کردن لەگەڵی بە پاراستنی مەودای دووری، و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێ خۆشکردن بۆی بۆ ئەوەی بێتە دەرەوە لەو ژوورەی کە تێیدایە و بۆ بەرکەوتنی بە خۆر و هەوای پاك.

شتێکی زۆر گرنگی دیکە بریتیە لە کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەکانی ناو ماڵ بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ بەباشی ئەنجام بدرێت.

لەبەرئەوەی لە ئێستادا ڕووکردن لە نەخۆشخانەکان سودێکی ئەوتۆی نییە، بۆیە پێویستە کەسەکان بتوانن لە ماڵەوە کۆنتڕۆڵی نیشانەکانی نەخۆشی لە نەخۆشەکەیاندا بکەن، و تەنها لە کاتێکدا ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن کە نیشانەکانی نەخۆشەکە بەرەو سەختی برۆن.

لە زۆرێك لە شوێنەکان لە ئێستادا ژمارەی تێستەکان دیاری کراوە و هەموو ئەو کەسانەی بەرکەوتەن تێستییان بۆ ناکرێت، بۆیە پێویستە بە وردی چاودێری نەخۆشەکە بکرێت لەکاتی بوونی ئەم نیشانانە و بەخێرایی پەیوەندی لەگەڵ نەخۆشخانەدا بکرێت:

- سەختی هەناسەدان.
- ئازار و فشاری زۆر لەسەر سینگ.
- خەڵەفان یان بڕست لێبڕان، و بێ ووزە بوون.
- شین بوونەوەی چاو و دەم و لێوەکان.

پێویستە تا دەکرێت کەسانی دیکەی نێو خێزان تێکەڵی خەڵکی دیکە نەبن، لەبەرئەوەی کە کەسێکی توشبوو لەنێو خێزانەکەیاندا دەکرێت ڤایرۆسەکەی بگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە و ئەوانیش بەرکەوتە بن و بەرکەوتەکانیش بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان ماوەی چواردە ڕۆژییان دەوێت، بۆیە پێشنیار دەکرێت کە یٔەو کەسانە تا دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکی دیکەدا و بەتایبەت لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی سادە وەك یٔێش و یٔازاری ماسولکەکان یان هەر جۆرە نیشانەیەکی دیکەی نەخۆشییەکە، و بەتەواوی خۆیان کەرەنتین بکەن.

ئەمە بۆیە گرنگە، بۆ ئەوەی کە ڕێژەی بەرکەوتنی کەسەکان و خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕابگیرێت.
لەدوای ۷۲ کاتژمێر لە چاك بوونەوەی تەواو کەسەکان دەتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە و بە دەستی خۆیان کارەکانی ڕۆژانەیان ئه‌نجام بدەن.

زوو بە زوو ڕووکاری شوێنەکانی ناو ماڵ پاك بکەوە.

پێویستە زوو بە زوو ئەو شتانەی لە نێو ماڵ زۆر دەستییان بەر دەکەوێت پاك بکرێنەوە وەك دەسکی دەرگا، کۆنتڕۆڵی تەلەڤزیۆن، دەستشۆر، ، سەرمێزی چێشتخانە، تەلەفۆن و مۆبایل، و ئامێرە کارەباییەکان. بۆ ئەمەش دەتوانرێت کحولی پاککردنەوەی سەر شوێنەکان بەکاربهێندرێت.

پێویستە خۆ بەدوور بگیرێت لە هاوبەشی پێکردنی پەرداخ و ئامرازەکانی دیکەی خۆراك، خاولی، سەرجێگە و نوێن، و شتەکانی هاوشێوەیان.

ئەگەر کەسی توشبوو تەنها یەكجار ئەم شتانەی سەرەوە بەکاربهێنێت ئەوا پێویستە بەباشی بشۆردرێن پێش ئەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە بکاربهێندرێن.

کەی دەکرێت واز لە خۆدابڕاندن یان خۆجیاکردنەوە بهێندرێت؟

ئەگەر کەسی توشبوو دەست گەیشتوویی نەبوو بە ئەنجامدانی تێستی کۆرۆنا ئەوا بە گوێرەی ڕێنماییەکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، دەتوانرێت ۷۲ کاتژمێر لەدوای نەمانی تا بەبێ بەکارهێنانی دەرمانی تا شکێن، و هەروەها نەمانی کۆکە و تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە سەرتای دەستپێکردنی نیشانەکان.

سەرچاوە: سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا CDC

کۆڤید بە کوردی


PM:09:50:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌